پۆلیسی هەولێر تۆمەتبارێک بە دزینی 15 دەفتەر دۆلار لە باوکی دەستگیر دەکات
K24 – هەولێر:
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر دەستگیرکردنی گەنجێکی ڕاگەیاند، کە بڕی 150 هەزار دۆلاری لە باوکی دزیوە و هەموو پارەکەشی لە قوماری ئەلیکترۆنی دۆڕاندووە.
13ـی ئابی 2024، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند: دوای ئەوەی ئاگادارکراینەوە و سکاڵایەکمان لەلایەن هاووڵاتییەکەوە پێ گەیشت، بە بوونی ڕوودانی حاڵەتی دزیکردن، دەستبەجێ تیمەکانمان دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد، لە ئەنجامدا توانیمان بە زووترین کات شوێنی تۆمەتبار دەستنیشان بکەین، کە هەڵاتبوو بۆ ئێران.
پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوەکردووە: بە پلانێکی تایبەت و لە ڕێگەی تەکنیکی کارکردنی خۆمان، توانیمان تۆمەتبار بگەڕێنینەوە هەرێمی کوردستان و بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە و بەپێی ماددە (443) لە یاسای سزادان دەستگیری بکەین.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی پۆلیسی هەولێر، تۆمەتبار دانی ناوە بە تاوانەکەی کە بڕی (سێ دەفتەر) دۆلاری لە شوێنی کارکردنی باوکی دزیوە، هەروەها لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە لەگەڵ تۆمەتبار، دانی نا بە تاوانێکی دیکە کە جارێکی دیکە لە قاسەکەی باوکی (12 دەفتەر) دۆلاری دزیوە، کە کۆی گشتی دەکاتە (150 هەزار) دۆلار و سەرجەم پارەکەشی لە ڕێگەی قوماری ئەلیکترۆنییەوە دۆڕاندووە.
هەروەها پۆلیسی هەولێر ئاشکرای کردووە: پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ ئەو تۆمەتبارە کراوەتەوە و ڕادەستی دادگا کراوە و هاووڵاتییانیش دڵنیا دەکەنەوە، کە تۆمەتباران لە هەرکوێیەک بن، دەیانگەڕێننەوە و دەستگیریان دەکەن.
بەپێی بەدواداچوونی شەیما بایز، پەیامنێری کوردستان24 کە لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر تۆمەتبارەکەی دوواندووە و لە شاشە و سۆشیال میدیای کوردستان24 بڵاوکراوەتەوە، ئاماژەی بەوەکردووە: تەمەنی 22 ساڵە و ساڵێکە ژیانی هاوژینی پێکهێناوە.
ئەو گەنجە پەشیمانی لە کارەکەی دەردەبڕێت و باسی لەوەکردووە: لە ڕێگەی ڕێکلامەکانی ئینتەرنێتەوە فێری یاریکردنی قوماری ئەلیکترۆنی بووە و دوای زیانکردن، هەوڵیداوە قەرەبووی بکاتەوە و پارەکانی باوکی بگەڕێنێتەوە، بەڵام هەر زیاتری دۆڕاندووە، هاوکات داواشی لە گەنجانیش کرد بە هیچ شێوەیەک بەو ڕێکلامانە فریونەخۆن کە دەڵێن: "گرەو بکە و دوو هێندە قازانج بکە یان پارەکەت زیاد بکە".