ئەمەریکا: حکوومەتی عێراق هاوبەشێکی گرنگە لە ناوچەکەدا
K24 – هەولێر:
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند: ئەمەریکا دودڵ نابێت لە گرتنەبەری ڕێكاری پێویست بۆ بەرپرسیاردانانی ئەو گرووپانەی هێزەکانیان دەخەنە مەترسییەوە. هاوکات گوتی: حکوومەتی عێراق هاوبەشێکی گرنگە لە ناوچەکەدا.
ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، گوتی: "ئێمە بەردەوامین لەو بڕوایەی حکوومەتی عێراق هاوبەشێکی گرنگە لە ناوچەکەدا. لەگەڵ ئەوەشدا، وەک چەندین جار لە ڕابردوودا گوتوومانە، ئەوانیش ڕۆڵیان هەیە لە هاوکاریکردنی بەرپرسیاردانانی هەندێک لەو گرووپە شەڕانگێزانە."
هاوکات دەڵێت: کاتێک دێتە سەر ئەمەریکا، بە دڵنیاییەوە ئێمە دودڵ نابین لە گرتنەبەری کردەوەی پێویست بۆ بەرپرسیاردانانی ئەوانەی هێزەکانمان دەخەنە مەترسییەوە."
جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە بارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، ئاشکرای کرد: گفتوگۆیان لەبارەی چەندین پرسی وابەستە بە ناوچەکە کردووە.
ڕاشیگەیاند: پەیامێکی ڕوونیان ناردووە بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و ڕێگریکردن لە گرژی و ئاڵۆزییەکان.