ترەمپ: ئەمەریکا پێویستی بە سەرۆکێکی زیرەکە

دۆناڵد ترەمپ
دۆناڵد ترەمپ

K24 – هەولێر:

دوای زیاتر لە سێ ساڵ دابڕان، بە بڕیاری ئیلۆن مەسک خاوەنی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس دۆناڵد ترەمپ کاندیدی سەرۆکایەتی کۆمارییەکان، گەڕایەوە ئێکس. چەند کاتژمێرێک دواتریش ترەمپ و مەسک زیاتر لە دوو کاتژمێر گفتوگۆیان لەبارەی چەندین پرسی گرنگ کرد، لەوانەش هەڵاوسان، سیاسەتەکانی ئیدارەی بایدن لەبارەی جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا و دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کۆچی نایاسایی و هەوڵی تیرۆرکردنەکەی ترەمپ.

دوای ئەوەی بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی زانیاریی هەڵە و هەڵکوتانە سەر کۆنگرێس لەلایەن لایەنگرانییەوە، لە مانگی کانوونی دووەمی 2021، تویتەری ئەوکات هەژماری ترەمپیان بلۆککرد. بەڵام ئیلۆن مەسک خاوەنی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس و لایەنگری ترەمپ، قەدەغەی بەکارهێنانی لەسەر هەژمارەکەی لابرد و ترەمپ 12ـی ئاب گەڕایەوە ئێکس.

لە گفتوگۆکەدا، ترەمپ لەبارەی بەرزی رێژەی هەڵاوسان لە ئەمەریکا ڕایگەیاند: "چوار بۆ پێنج ساڵ پێش ئێستا خەڵکی ئەمەریکا پارەیان پاشەکەوت کردبوو، بەڵام بەهۆی هەڵاوسان، هەموویان خەرجکردووە و قەرزاریشن".

ترەمپ رەخنەی توندی لە بایدن و سیاسەتەکانی ئیدارەکەی گرت و گوتی: "بایدن 30 ساڵە ئاستی زیرەکی دابەزیوە" دووپاتیشیکردەوە، "ئێستا ئەمەریکا پێویستی بە سەرۆکێکی زیرەکە تاوەکو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئۆکرانیا، ڕێگری لە جەنگی جیهانیی سێیەم بکات".

لەبارەی کۆچی نایاسایش، کاندیدی سەرۆکایەتیی کۆمارییەکان ئاماژەی بەوەدا: "کامالا هاریس بێ گوێدانە ئاسایشی نیشتمانیی وڵات، سنوورەکان بۆ پەنابەران دەکاتەوە".

ترەمپ لەبارەی هەوڵی تیرۆرکردنەکەشی لە مانگی رابردوو، ئاشکرایکرد: "پەرجوو ئاسا ڕزگارم بوو، لەو ساتەی تەقەملێکرا بە گۆشەیەک سەرم سووڕاند گوللـەکە بەر سەرم نەکەوت".

ڕۆژی 15ـی تەمووزی 2024 ترەمپ وەک بەربژێری کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا هەڵبژێردرا و دواتریش سیناتۆر جه‌ی دی ڤانسی بۆ جێگری خۆی دیاریکرد.

هەروەها ڕۆژی 6ـی ئابی 2024، مێدیا ئه‌مه‌ریكییه‌كان بڵاویان كرده‌وه‌، کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمه‌ریکا و کاندیدای دیموكراته‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا، تیم والتز، حاكمی ویلایەتی مینیسوتای بۆ پۆستی جێگری سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا كاندیدا كردووه‌.

بڕیارە لە 5ـی تشرینی دووەمی 2024 هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا بەڕێوە بچێت، ڕاپرسییەکان دەری دەخەن دۆناڵد ترەمپ و کامالا هاریس دەنگەکانیان لەیەکترەوە نزیکن و چاوەڕێی ڕکابەرییەکی سەخت دەکرێت.