بایدن: هێرشە چاوەڕوانکراوەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل زەحمەت بووە

جۆ بایدن
جۆ بایدن

K24 – هەولێر:

سەرۆکی ئەمەریکا هێرشە چاوەڕوانکراوەکەی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بە ئەگەرێکی دوور دەزانێت و دەڵێت: ئەگەر ئاگربەست لە غەززە بکرێت ئێران هێرش ناکاتە سەر ئیسرائیل.

13ـی ئابی 2024، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: هێرشە چاوەڕوانکراوەیە ئێران بۆ سەر ئێران زەحمەت بووە و چاوەڕێش دەکەین بزانین دەتوانین چی بکەین و ئێران دەتوانیت چی بکات.

هەروەها جۆ بایدن ئاماژەی بەوەشکرد: ئەگەر ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە ڕابگەیەندرێت، ئەوا بە دووری دەزانێت، ئێران هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل.

بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، 31ـی تەمموزی 2024، بزووتنەوەی حەماس لە ڕاگەیەندراوێکدا کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەکەی و پاسەوانێکی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەکرد: ئیسماعیل هەنییە دوای بەشداریی لە ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی سەرۆککۆماری نوێی ئێران، چووەتە شوێنی مانەوەی لە تاران و دواتر کوژراوە.

هەر چەندە ژمارەیەک سەرچاوەی ئەمنیی ئەمەریکی ڕایانگەیاند، هەنییە لە ڕێگەی بۆمبێکی چێندراو لە ژوورەکەیدا کوژراوە، بەڵام سوپای پاسدارانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەو لێداونانەی ڕەت کردەوە و گوتی، هێرشەکە لە ڕێگەی مووشەکێکی کورتمەودا لە دەرەوەی شوێنی مانەوەی هەنییە کراوە.

ئیسرائیل تاوەکوو ئێستا بەرپرسیارێتیی کوشتنی هەنییەی لە ئەستۆ نەگرتووە، بەڵام سوپای پاسداران، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە تۆمەتباری سەرەکی کوژرانی بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە قەڵەم دەدات و دەڵێت، ئەمەریکاش لە هێرشەکەدا هاوکارییانی کردووە.