جێگری وەزیری ناوخۆی ئێران بۆ دروستکردنی ئاسانکاریی لە هاتنی زیارەتکاران، دێتە سلێمانی
پارێزگای سلێمانی بڵاوی کردووەتەوە، جێگری وەزیری ناوخۆی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ دروستکردنی ئاسانکاریی لە هاتنی زیارەتکاران لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، هاتووەتە سلێمانی و لەگەڵ پارێزگاری ئەو شارە کۆبووەتەوە.
بەپێی ڕاگەیاندراوی پارێزگای سلێمانی، هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی پێشوازیی لە سەید مەجید میر ئەحمەدی جێگری وەزیری ناوخۆی کۆماری ئیسلامیی ئێران و شاندی یاوەری هاوڕێی کە پێکهاتبوون لە سەردار عەبدولڕەزای مسگەریان و محەمەد سادق معتەمەدیان پارێزگاری ورمێ و ئیسماعیل زارعی کوشا پارێزگاری کوردستان.
بەپێی ڕاگەیەندراوی پارێزگاکە، سەردانی ئەو شاندەی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ شاری سلێمانی، دوای هەماهەنگیان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیی و حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگا سنورییەکاندا دێت بەمەبەستی سەردانیکردنی دەروازە نێودەوڵەتییەکانی نێوان هەردوو وڵات و ئامادەکارییەکان بۆ پێشوازیکردنی سەردانیکارانی چلەی ئیمام حسێن (ڕەزای خوای لێبێت).