حەماس: بەشداری دانوستانی سبەی ناکەین

نوێنەری حەماس لە لوبنان ڕایگەیاند، بزووتنەوەی حەماس بەشداری ئەو دانوستانە ناکات کە بڕیارە سبەی پێنجشەممە ئەنجام بدرێت.

ئەحمەد عەبدولهادی، نوێنەری حەماس لە لوبنان لە لیدوانێکیدا بۆ "سی بی ئێس نیوز" گوتی، بزووتنەوەکە گەرەنتی وەرنەگرتووە کە ئیسرائیل پابەند دەبێت بە دانوستان لەسەر بنەمای پێشنیارەکەی پێشوو یاخود نا، کە لەسەر بنەمای دیدگای جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا و بڕیارنامەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێت.

ناوبراو گوتیشی، "ئێمە دژی چەمکی دانوستان نین، ئێمە لە دانوستانەکانی پێشوودا نەرم و نیان بووین، بەڵام بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و حکوومەتەکەی ئەو پێشنیازەیان ڕەتکردەوە و مەرجی نوێیان دانا و ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی بزووتنەوەکەیان لە تاران کوشت لە کۆتایی مانگی ڕابردوودا.

عەبدولهادی دەشڵێت: بەشداری دانووستانەکانی 15ـی ئاب ناکەین و دەگەڕێینەوە بۆ خاڵی دەستپێک.

حەماس ڕایگەیاندووە، دوای دانوستانەکانی ڕۆژی پێنجشەممەی قەتەر، ئامادەیە لەگەڵ نێوەندگران کۆببێتەوە، ئەوەش ئەگەر ئیسرائیل ئەوەی بە "وەڵامێکی جددی" ناوی بردبێت.