لە شرنەخ سەرجەم چالاکییە مەدەنییەکان قەدەغە کران

شاری شرنەخی باکووری کوردستان
شاری شرنەخی باکووری کوردستان

پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان بڕیاری قەدەغەکردنی خۆپیشاندان و هەموو جۆرە چالاکییەکەی دیکەی لە سەنتەری پارێزگاکە و و سەرجەم شارۆچکەکانی سنووری ئیدارەی شرنەخی ڕگەیاند، هاوکات 14 ناوچەشی بە "ناوچەی کاتیی ئەمنی" دیاری کرد.

پارێزگای شرنەخ ڕایگەیاند، بۆ سێ ڕۆژ خۆپیشاندان و هەموو جۆرە چالاکییەک لە شرنەخ و سەرجەم شارۆچکەکانی سنوورەکە قەدەغەکراون و هاوکات هاتنی خەڵکی لە دەرەوەی شارەکانیش بۆ ناوەندی شارەکان ڕێگە پێدراو نییە و ڕێکاری یاسایی بەرانبەریان دەگیرێتەبەر.

هەروەها پارێزگای شرنەخ ڕاشیگەیاندووە، 14 ناوچەی سنووری پارێزگاکە بە "ناوچەی کاتی ئەمنی" دەست نیشانکراون و بۆ ماوەی 15 ڕۆژ گەشت و هاتوچۆیان تێدا قەدەغە دەبێت و ناوچەکانی گابار، جودی، بەستا، کوێستانەکانی فەرشین و زۆربەی ناوچە شاخاوییەکانی شرنەخ دەگرێتەوە.

هۆکاری دەرکردنی باڕیارەکانی گەڕاندووتەوە بۆ پاراستنی سەلامەتی هاووڵاتییان و کۆنترۆڵکردنی دۆخی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە، بەهۆی جێبەجێکردنی ئۆپراسیۆنی سەربازی.

پێشووتریش لە پارێزگای جۆلەمێرگی باکووری کوردستان بڕیاری قەدەغەی خۆپیشاندان و هەموو چالاکییەکی مەدەنی بۆ ماوەی سێ ڕۆژ دەرکردبوو لەگەڵ دیاری کردنی ناوچەی کاتی ئەمنی لە چەند ناوچەیەکی سنووری پارێزگاکە، ڕاشیگەیاندبوو هیچ کەسێک بۆی نییە بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت بچێتە ناوچە قەدەغەکراوەکان، کە بە گوێرەی بڕیارە کاتژمێر 09:30ی بەیانی سبەینێ 15 ی ئابی 2024 کۆتایی بەبڕیارەکە دێت.