قایمقامی قەزای ئامێدی: بەهۆی شەڕی پەکەکە و تورکیا 201 گوندی ئامێدی چۆڵکراون

وارشین سەلمان، قایمقامی ئامێدی
وارشین سەلمان، قایمقامی ئامێدی

قایمقامی قەزای ئامێدی ئاشکرای دەکات، بەهۆی شەڕی بەردەوامی پەکەکە و تورکیا لە ناوچەکە، 201 گوندی ئامێدی چۆڵکراون و حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرباریی ئەوەی لە پرۆژەکانی بەردەوامە، بەڵام بەهۆی ئاڵۆزییەکانەوە نەیتوانیووە وەک پێویست خزمەتگوزارییەکان بگەیەنێت.

چوارشەممە 14ـی ئابی 2024، وارشین سەلمان، قایمقامی ئامێدی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بەهۆی شەڕی بەردەوامی پەکەکە و تورکیا لە ناوچەکە، 201 گوندی ئامێدی چۆڵکراون، لەگەڵ ئەوەشدا پرۆژەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکە بەردەوامە.

وارشین ئاماژەی بەوە کرد، ئامێدی 28 لە سەدی ڕووبەری پارێزگای دهۆک پێک دەهێنێت، شەش یەکەی کارگێڕی تێدایە، 356 گوند و  هەشت شارەوانی هەیە، شەڕی پەکەکە و تورکیا بووەتە هۆی چۆڵبوونی 201 گوند لەکۆی 356 گوند کە خەڵکەکەی ناتوانن بچنەوە سەر ماڵیی خۆیان، سەرباری ئەوەش حکوومەتی هەرێمی کوردستان ناتوانێت ئاوەدانی بگەیەنێتە ئەو ناوچانە.

قایمقامی ئامێدی دەڵێت: دوای سەردانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ ناوچەکە، بڕیاری چەندین پرۆژە دران، لەوانەش نەخۆشخانەیەکی 100 تەختی لە کۆمەڵگەی هتیتی سەربە ناحیەی دێرەلووک کە ئێستا لە قۆناغی کۆتاییدایە و دەکەوێتە خزمەتی هاووڵاتییانی ئامێدی، دەشڵێت: حکوومەتی هەرێمی کوردستان درێخی ناکات لە ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانە.

دەشڵێت: ئەو پرۆژانەی سەرۆکوەزیران بڕیاری لەسەر دا، پرۆژەی کۆلیژی پەروەردەی بنیات بوو لە ئامێدی، دوای ئەوەی خەڵکی ناوچەکە داوایان لە سەرۆک بارزانی کرد باڵەخانەیەک بۆ ئەو کۆلێژە دروست بکرێت، بۆیە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە حەوت ملیار دینار دەستی بە جێبەجێکردنی پرۆژەکە کرد.

قایمقامی ئامێدی دووپاتی دەکاتەوە، ئەو شەڕە بەسەر کوردستاندا سەپاوە و پێیان زۆر ناڕەوایە کە زیان بە هەرێمی کوردستان دەگەیەنن، لە کاتێکدا ناوچەیەکی جوانی گەشتیارییە، شەڕەکە کاریگەریی لەسەر هاتنی گەشتیاران هەیە، لەگەڵ ئەوەی حکوومەتی هەرێمی دەڵێت: چەندین پرۆژەی گەشتیاریی لەو ناوچەیە هەیە، دەبێ ئەو شەڕە لە کوردستان کۆتایی بێت و شەڕەکە ببەنە وڵاتی خۆیان.

گوتی: رۆژانە هەڕەشەی شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە لەو ناوچەیە هەیە، بەڵام پرۆژەکان ناوەستن و بەردەوام دەبن، لەگەڵ ئەوەی وەکو پێویست نەتوانراوە پرۆژەکان جێبەجێ بکرێن، ئاڵۆزییەکان ڕێگەمان پێنادەن کار بکەین.