گوتەبێژی هاتوچۆ: دانانی کامێراکانی ناو شار ڕووداوەکانی هاتوچۆی کەمکردووەتەوە
گوتەبێژی هاتوچۆی هەولێر ڕایگەیاند، کامێرا گەڕۆکەکان باشترن لە ڕووی ئیشکردن و تەکنیکییەوە، هەەروەها دانانیئەو کامیرانە ڕووداوەکانی هاتوچۆی کەمکردووەتەوە.
چوارشەممە، 14ـی ئابی 2024، عەقید هێمن ئەمین، گوتەبێژی هاتوچۆی هەولێر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە ڕابردوودا کامێرەکان گەڕۆک بوون دانرابوون لەسەر هەندێک شەقامی هەولێر، کرانە جێگیر، بەشێوەی تاقیکردنەوە (تێست) تاوەکو کاتژمێر 12ـی شەوی 23/8/2024.
ئەو گوتەبێژە هۆکاری جێگیرکردنی ئەو کامێرانە دەخاتە ڕوو دەڵێ، "کامێرا گەڕۆکەکان باشترن لە ڕووی ئیشکردن و تەکنیکییەوە، هەندێک شوێنیش هەبوو ڕووداوی هاتوچۆی تێدا بوو، هەروەها بۆ ئەوەی زیاتریش شەقامەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت، شۆفێرانیش زیاتر پابەند بن بە یاساکانی هاتووچۆ ئەو کامێرانە جێگیر کران".
دەشڵێت: "کامێراکانی ناو شار خاڵ بۆ خال نییە، کامێرای تیژڕۆیی ئاساییە".
گوتەبێژی هاتوچۆ ڕاشیگەیاند، "داوا لە شۆفێران دەکەین پابەندی یاساکان بن و خۆیان بپارێزن لە خێرا لێخوڕین، چونکە خێرایی ڕووداوی هاتوچۆی بەدواوەیە، بۆیە داوایان لێ دەکەین پابەند بن، تاکو تووشی ڕووداو و سزا نەبن".
ئاماژەی بەوەشدا، "دانانی کامێرا هۆکارێکی سەرەکی بووە بۆ کەمکردنەوەی ڕووداوی هاتوچۆ لەناوەوەی شار و دەرەوەی شاریش کە کامێرای لێیە، هەروەها بووەتە هۆی ڕێکخستنی شەقامەکان و کۆنتڕۆڵکردنی هاتوچۆش، کاتێک شۆفێر دەزانێت شەقام کۆنتڕۆڵکراوە بە ڕادار و کامێراکان، بە هێواشی دەڕوات".
دوێنێ سێشەممە، 13ـی ئابی 2024، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ ڕایگەیاند، 14/8/2024 کامێراکانی تۆمارکردنی سەرپێچی تیژڕۆیی جێگیر له و شەقامانەی کە لە لیستی هاوپێچ ئاماژەی پێکراوە دەکەوێتە کار بەشێوەی تاقیکردنەوە (تێست) تاوەکو کاتژمێر 12ـی شەوی 23/8/2024.
هاتووچۆی هەولێر ئاماژەی بەوەکردووە: لەدوای ئەو کاتەوە سەرپێچییەکانی تیژڕۆیی تۆمار دەکرێن لە سیستمی سزادانی هاتووچۆ.
هەروەها هاتووچۆی هەولێر باسی لەوەشکردووە: لە زۆربەی ئەو شەقامانەی لە لیستەکەدا ئاماژەی پێکراوە، پێشووتر کامێرای تۆمارکردنی تیژڕۆیی گەڕۆک هەبووە بەڵام ئێستە کراوە بە کامێرای جێگیر.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: بۆ کۆنترۆڵکردنی هاتووچۆ و کەمکردنەوەی ڕوودوای هاتووچۆ و پاراستنی گیانی هاووڵاتییان، ئەو شەقامانەی کامێرای لێنەبووە، کامێرای لێ دانراوە و هاتووچۆی هەولێر داواش لە شوفێران دەکات پابەندبن بەخێرایی ڕێگەپێدراو و خۆیان بپارێزن لە تیژڕۆیی.