ڕێبوار تەها: لەمەودوا تاکە ناسنامەی کەرکووکییەکان، کەرکووکە

ڕێبوار تەها پارێزگاری کەرکووک
ڕێبوار تەها پارێزگاری کەرکووک

ڕێبوار تەها دوای سوێندنخواردنی لە سەرۆکایەتیی دادگای کەرکووک، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وەک پارێزگاری نوێی کەرکووک دەستبەکاربوونی خۆیی ڕاگەیاند و داوای پشتیوانی و کاری پێکەوەیی لە تەواوی پێکاتەکانی شارەکە کرد و ڕاشیگەیاند، لەمەودوا تاکە ناسنامەی کەرکووکییەکان، کەرکووکە.

سەرەڕای ناڕەزایی پێکهاتەکانی تورکمان و عەرەبی ڕەسەنی کەرکووک لە شێوازی کۆبوونەوەی بەشێک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە 10ی ئەم مانگە لە هۆتێل ڕەشیدی بەغدا و یەکلاکردنەوەی پۆستی پارێزگار و سەرۆکیی ئەنجوومەنی پارێزگا و پۆستەی ئیدارەییەکانی سنووری پارێزگای کەرکووک، بەڵام سەرۆککۆماری عێراق مەرسوومی کۆماری بۆ دەستبەکاربوونی ڕێبوار تەها لە پشکی یەکێتی بۆ بوون بە پارێزگار دەکرد و هەر ئەمەش ڕێگە خۆشکەربوو بۆ ئەوەی ئەمڕۆ چوارشەممە وەک پارێزگاری نوێی کەرکووک لە سەرۆکایەتیی دادگای شارەکە سوێندی یاسایی بخوات.

ڕێبوار تەها دوای سوێندخواردن چووە باڵەخانەی پارێزگا و لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا داوای کاری پێکەوەیی لە پێکهاتەکانی کەرکووک کرد و گوتی: بۆ پێکەوەژیانی ڕاستەقینە و سەقامگیری و ئاوەدانکردنەوەی کەرکووک کار دەکەین، بۆ ئەوەی چیتر خەڵکی شارەکە باجی ململانێکان نەدەن.

ڕاشیگەیاند، لەمەودوا خەڵکی ئەم شارە یەک ناسنامەی هەیە ئەویش کەرکووکییە و ئەمەش بۆ هەموو پێکهاتەکان دروستە، هەربۆیە ئەوەی دەیکەن لەبەرژەوەندی هەمووان دەبێت نەک لەبەرژەوەندی پێکهاتەیەک لەسەر حیسابی پێکهاتە و لایەنێکی دیکە. ئاماژەشیدا، پێشتر زۆر کار لەسەر سیاسەت و دابەشکاری پێکهاتەیی کراوە و ئەنجامەکەشی ماڵوێرانی و دواکەوتنی گەنجەکان، گەڕەکەکان و شاری کەرکووک بووە.

دەستبەکاربوونی پارێزگاری نوێی کەرکووک لە کاتێکدایە کە هەر ئەمڕۆ چوارشەممە 14ی ئابی 2024، حەسەن تۆران، سەرۆکی بەرەی یەکگرتووی تورکمانی لە عێراق، لە دادگای باڵای فیدراڵیی، سکاڵای لە دژی هەڵبژاردنی پارێزگار و پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێی کەرکووک تۆمار کردووە.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێکی بەرەی یەکگرتووی تورکمانی، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، سکاڵاکەی قەبوڵکردووە و بەم زووانە هەڵوێستی یاسایی خۆی لەسەر سکاڵاکە ڕادەگەیەنێت.

شەوی شەممە 10ی ئەم مانگە، بێ بەشداریی فراکسیۆنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرەی تورکمانی لەگەڵ ژمارەیەک ئەندامی عەرەبی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە بەغدا هەڵبژێردران. ڕێبوار تەها بە پارێزگار و محەممەد حافز بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا هەڵبژێردران.

بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی بڵاوکراوەتەوە، یەکێتیی نیشتمانی کوردستان تەنیا بۆ ڕازی کردنی بەشێک لە تورکمان و عەرەب لە پێناو دانانی پارێزگار، پۆستە ئیدارییەکانی پارێزگاکەی تەخشان و پەخشان کردووە و 18 پۆستی ئیداری بە تورکمان و 19 پۆستیشی بە عەرەب داوە.

هەر لە بارەی کۆبوونەوەکەی هۆتێل ڕەشید لە بەغدا، مەحموود محەممەد گوتەبێژی لە 12ی ئەم مانگە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، دانانی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و دابەشکردنی پۆستە ئیدارەییەکانی شارەکە بە نا یاسایی ناوبرد و ڕایگەیاند، "ئەوەی كراوە چارەیەکی گونجاو نییە بۆ تێپەڕاندنی کێشە و گرفتەکانی کەرکووک، چونکە چارە ئەوەیە تاكڕەویی نەكرێت و هەوڵی پەراوێزخستنی لایەنەكان نەدرێت، بەڵکو دەبێت هەموو لایەك بە نیازپاكییەوە لەپێناو خزمەتكردنی خەڵك لە بەڕێوەبردنی كەركووكدا بەشدار بن".

هەر لە بارەی پرسی هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، موهەیمن حەمەدانی پەرلەمانتاری عێراق، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی "الاولی"ـی عێراقی، باسی لە سەردانەکەی شاندی هاوبەشی هەردوو فراکسیۆنی عەرەبی و توركمانیی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك و ژمارەیەك پەرلەمانتار و سەركردەی سیاسی بە سەرۆكایەتیی خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی سیادە بۆ لای سەرۆک بارزانی كردووە و ئاماژیداوە، کە سەرۆک بارزانی زۆر ڕاشکاوانە جەختی لەوە کردووەتەوە، "دەبێت کەرکووک سیمبولی پێکەوەژیانی ئاشتیی نێوان ئایین و نەتەوەکان بێت؛ هەندێک هەڵەی کورد و عەرەب هەن، دەبێت چاک بکرێنەوە و یەک هاوپەیمانی پێک بهێندرێت."