گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کوردستان24: لە وەڵامدانەوەی هیچ هێرشێک دوودڵ نابین

ساموێل وێلبێرگ، گوتەبێژی هەرێمیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا
ساموێل وێلبێرگ، گوتەبێژی هەرێمیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا

گوتەبێژی هەرێمیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا جەخت لەوە دەکاتەوە، دوودڵ نابن لە وەڵامدانەوەی هەر هێرشێک کە لە عێراق و سووریا هێزەکانیان بکاتە ئامانج. دەشڵێت، " کاردەکەین بۆ بەرزکردنەوەی هاوکاری لەگەڵ هێزی پێشمەرگە".

چوارشەممە، 14-08-2024، ساموێل وێلبێرگ، گوتەبێژی هەرێمیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، لەبارەی هێرشەکانی ئەم دواییەی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانیان لە عێراق و سووریا و هاوکاریی ئەمەریکا بۆ وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ وەڵامی ئیمەیلەکی کوردستان24ـی دایەوە.

هێرشکردنە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا

لە دوای سەرهەڵدانی شەڕی غەززە لە 07ـی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو، زیاتر لە 180 جار هێرشی مووشەکی و درۆنی کراوەتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە عێراق، هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان؛ بەهۆیەوە دەیان سەربازی ئەمەریکی برینداربوون و ژمارەیەکیشیان کوژراون.

ساموێل وێلبێرگ بە کوردستان24ـی گوت، "ئێمە لە نزیکەوە چاودێری دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەین، بەتایبەتی هێرشەکانی سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا".

ئەو گوتەبێژەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا جەختی لەوە کردەوە، "دوودڵ نابین لە بەرگریکردن لە هاووڵاتییانمان و لێپرسینەوە لەو کەسانەی زیان بە کارمەند و سەربازانی ئەمەریکی دەگەیەنن. بۆ دەستەبەرکردنی پاراستنی هێز و بەرژەوەندییەکانمان بە شێوەیەکی گونجاو وەڵامی ئەو هێرشانەمان داوەتەوە".

هێرشەکەی سەر بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد

شەوی دووشەممە، 05-08-2024، دووجار لە رێگەی درۆن و مووشەکەوە هێرش کرایە سەر بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد، لە نزیک شارۆچکەی بەغدادی لە پارێزگای ئەنبار؛ لەو هێرشەدا ژمارەیەک سەربازیی ئەمەریکی برینداربوون.

سێ ڕۆژ دواتر و لە ڕۆژی پێنجشەممە، 08-08-2024، شانەی ڕاگەیاندی ئەمنیی عێراق دەستگیرکردنی پێنج کەسی بەتۆمەتی بەشداربوون لە هێرشەکەی سەر عەین ئەسەد ڕاگەیاند.

گوتەبێژی هەرێمیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت، ئاگادارن کە هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە و هەندێک تۆمەتباریان لە هێرشەکەی سەر بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد دەستگیر کردووە.

بەرپرسەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا جەخت لەوە دەکاتەوە، "زۆر گرنگە حکوومەتی عێراق پابەند بێت بە لێپرسینەوە لەو کەسانەی کە بەرپرسیارن لەم هێرشانە".

هاوکاریی ئەمەریکا بۆ هێزەکانی پێشمەرگە

ماوەیەکە ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش ناو بە ناو هێرش دەکاتە سەر هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان. ڕۆژی هەینی، 09-08-2024، لە قۆپی قەرەداغ لە پارێزگای سلێمانی، پێکدادان لەنێوان ژمارەیەک چەکداری داعش و هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی ڕووی دا؛ لە ئەنجامدا دوو ئەندامی هێزە ئەمنییەکان کوژران.

گوتەبێژی هەرێمیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەبارەی ئەو ڕووداوە بە کوردستان24ـی گوت: "ئێمە پابەندین بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوبەشەکانمان بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیری ناوچەکە و ڕێگریکردن لە هەر هەڕەشەیەکی داهاتوو".

گوتەبێژی هەرێمیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا گوتیشی، "کاردەکەین بۆ بەرزکردنەوەی هاوکاری لەگەڵ هێزی پێشمەرگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی داعش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش".

لە کۆی زیاتر لە 180 هەزار پێشمەرگە کە سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەن؛ 44 هەزاریان لە چوارچێوەی 15 لیوای هاوبەش لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە رێکخراونەتەوە. ئەمەریکا مانگانە نزیکەی 25 ملیۆن دۆلار (25 ملیار دینار) بۆ مووچەی ئەو 44 هەزار پێشمەرگەیە خەرج دەکات.