ناوچە پیشەسازییەكانی هەولێر فراوان و سەوز دەکرێن

وەزارەتی شارەوانی و پاریزگای هەولێر و دەستەی پاراستنی ژینگە
وەزارەتی شارەوانی و پاریزگای هەولێر و دەستەی پاراستنی ژینگە

وەزارەتی شارەوانی و پاریزگای هەولێر و دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە کار بۆ ئەوە دەکەن، ڕێكاری نوێ و پێویست لە ڕێگەی بەکارهێنانی کەرەستەکانی ژینگەدۆستی بگرنە بەر بۆ پەرەپێدانی ناوچە پیشەسازییەكانی هەولێر.

چوارشەممە 14ـی ئابی 2024،  لە دیوانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و  ئومێد خۆشناو  پارێزگاری هەولێر و  عەبدولڕەحمان سدیق سەرۆکی دەستەی چاککردن و پاراستنی ژینگە، تایبەت بە پاراستنی ژینگە و ناوچە پیشەسازییەكانی هەولێر کۆبوونەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی شارەوانی، لە كۆبوونەوەكەدا، پرسی فراوانكردن و ڕێكخستنەوەی ناوچە پیشەسازییەكان و زیادكردنی ڕێژەی سەوزایی لەپێناو پاراستنی ژینگە گفتوگۆیان لەبارەوە كرا.

بەڕێوەبەرایەتیی نەخشەدانانی ئاوەدانیی هەولێر بە داتاشۆ شیكارییەكی سەبارەت بە ناوچە پیشەسازییەكان و چۆنیەتی پاراستنی ژینگەی شاری هەولێر لە کۆبوونەوەکە پێشكەش كرد.

لە کۆبوونەوەکەدا، بەرژەوەندیی گشتیی هاووڵاتییان و پەرەپێدانی ناوچە پیشەسازییەكان  و ڕەچاوكردنی لایەنی تەندروستی و جوانكاریی شار و بە مۆدێرنكردنی ئەو كەرتانە لە چوارچێوەی ماستەرپلانی شاری هەولێردا جەختی لەسەر کرایەوە، لەگەڵ ڕێكخستنەوە و فراوانكردنی ناوچە پیشەسازییەكان لە چوارچێوەی پاراستنی ژینگەی شاری هەولێر .

هاوکات  دووپات لە گرتنەبەری ڕێكاری نوێ و پێویست کرایەوە لە ڕێگەی بەکارهێنانی کەرەستەکانی ژینگەدۆستی و پەرەپێدانی ناوچە پیشەسازییەكانی هەولێر.