30 گەنج ڕاهێنانی مۆدێلی نەتەوە یەکگرتووەکانی کوردستانیان تەواو کرد
30 گەنجی شارەکانی هەرێمی کوردستان ڕاهێنانی مۆدێلی نەتەوە یەکگرتووەکانی کوردستانیان تەواو کرد و ڕێزلێنانیان پێ بەخشرا. بەڕێوەبەری پرۆژەکە دەڵێت، هەر دەرچوویەک، لای خۆیەوە گەنجانی شارەکەی پێ دەگەیەنێت.
لە ژێر چاودێریی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حوسێن بن عەلی فەزاڵە، کونسوڵی گشتیی قەتەر لە ههولێر، ڕۆژی شەممە، 13-07-2024، ئۆفیسی دەسپێشخەری و پەیوەندییەکان ڕێککەوتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی هاوبەشی لەگەڵ دامەزراوەی قەتەر فاوندەیشن بۆ دامەزراندنی پرۆگرامی مۆدێلی نەتەوە یەکگرتووەکانی کوردستان (مون کوردستان) واژۆ کرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 14-08-2024، ڕێبین نەجمەددین، بەڕێوەبەری پرۆژەی "مون کوردستان" بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، پاش واژۆکردنی ڕێکەوتنامەی لێکتێگەیشتن، لە ماوەی 15-18ـی تەمموز، لە هەولێر، یەکەم ڕاهێنانی ڕاهێنەران بۆ مۆدێلی نەتەوە یەکگرتووەکانی کوردستان بەڕێوە چوو.
مون کوردستان، کۆنفرانسێکی فێرکارییە، تێیدا قوتابییان ڕۆڵی دیپلۆمات و نوێنەرانی وڵاتان دەبینن لە کۆبوونەوەیەکی لاساییکراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆ تێگەیشتن لە کاری دیپلۆماسی و کاروباری نێودەوڵەتی.
بە گوتەی ڕێبین نەجمەددین، لەو خولەدا ژمارەیەک ڕاهێنەری قەتەر فاوندەیشن، ڕاهێنیان بە دەیان گەنجی شارەکانی هەرێمی کوردستان و مۆدێلی نەتەوە یەکگرتووەکانی قەتەر کردووە.
بەڕێوەبەری پرۆژەی "مون کوردستان" باسی لەوەش کرد، ئەو ڕاهێنەرانەی ڕاهێنانیان پێ کراوە، لە شارەکانی خۆیان، لە دهۆک، هەولێر، سلێمانی و هەڵەبجە، سۆران، گەرمیان، زاخۆ و ڕاپەرین، چاپتەری مون کوردستانیان دروست کردووە و لای خۆیانەوە بە زمانی کوردی خول دەکەنەوە، گەنجان پێ دەگەینن و ئەوانیش پاڵپشتییان دەکەن.
ڕێبین نەجمەددین گوتیشی: "مون کوردستان پرۆژەیەکی بەردەوامە و پردێکە بۆ گەشەپێدانی توانای دیبلۆماسی گەنجانی کورد، دەرفەتێکە گەنجان ئاشنابن بە کاروباری نێودەوڵەتیی و دەنگیان لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا بەرز بکەنەوە و ببنە بەشێک لە گفتوگۆی جیهانی".
ئەمە لە کاتێکدایە ساڵی ڕابردوو، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بیرۆكەی ڕاهێنان بە گەنجانی ناوخۆ و تاراوگەی داوەتە ئۆفیسی دەستپێشخەری و پەیوەندییەکان، بە مەبەستی نیشتمانسازی و پێشخستنی هەستی نەتەوەیی.