دڵشاد شەهاب: ئومێدەوارین هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت
گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بە ئومێدەوە سەیری ئایندەی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەین، ئومێدەوارین هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو بەڕێوەبچێت.
چوارشەممە، 14ـی ئابی 2024، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بەشداریم لە کۆبوونەوەی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کرد، بەسەرۆکایەتی دادوەر عومەر ئەحمەد، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای کۆمسیاران لەگەڵ هەموو دەستەی تەنفیزی و هاوکارەکانیان کە لەگەڵیاندا بوون.
ئەو گوتەبێژە دەڵێ، "لەم دیدارەدا بەناوی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پشتیوانی خۆمان بۆ بەڕێوەچوونی هەنگاوەکانی ئامادەکاری و سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کردووە".
گوتەبێژەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەشڵێت: "کۆمەڵێک لێکۆڵینەوەی زۆرباش لەم دیدارەدا کران، هەندێک لەو پرسیارانەی کە هەبوون پێویستی بە ڕوونکردنەوە هەبوو بۆ دامەزراوەکانی حکوومەت، سەرۆکایەتی هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەکان، لایەنی سیاسی و هاووڵاتییان، بە سوپاسی زۆرەوە هەریەکەیان لە بوارەکەی خۆیاندا ڕوونکردنەوەی باشیاندا".
دڵشاد شەهاب ڕاشیگەیاند، "ئێمە بە ئومێدەوە سەیری ئایندەی بەڕێوەچوونی ئەم پرۆسەیە دەکەین، ئومێدەوارین هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت، جارێکی دیکە دووپاتی دەکەمەوە، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پاڵپشتی سەرجەم هەنگاوەکانی کۆمیسیۆنی باڵا و ڕێکخستنی دەرفەتێکی یەکسان بۆ سەرجەم لایەنەکان، هاووڵاتییان، دەنگدەران و کاندیدان دەکات، بۆ ئەوەی پرۆسیەکی سەرکەوتوو تێیدا، هەرێمی کوردستان ئامانجی سەرکەوتن و بردنەوەی بێت".
لای خۆیەوە دادوەر عومەر ئەحمەد محەمەد، سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، گرنگترین ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کوردستان کرا، لەگەڵ تواناکانی کۆمیسیۆن بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی بە سەرکەوتوویی،هاوکات گرنگیی پشتیوانییەکانی تیمی هاریکاریی نێودەوڵەتی بۆ هەڵبژاردن تاوتوێ کرا.