گەورەترین فراکسیۆنی سووننە بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پێکهێنرا
بەبێ عەزم و سیادە چەند پارت و هاوپەیمانێتیەک گەورەترین فراکسیۆنی سووننەیان بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پێکهێنا.
پارتی تەقەدووم و پێنج پێكھاتەی دیكەی سوننەكان دەڵێن، بە ئەندامێتی 55 پەرلەمانتاری سوننە گەورەترین فراکسیۆنی سوننەکانیان پێکهێناوە و بۆ ئەم مەبەستەش كاندیدێكی نوێ پێشكەش دەكەن، لە بەرامبەردا ھەردوو ھاوپەیمانی عەزم و سیادە پشتیوانی خۆیان بۆ کاندیدکردنی مەحموود مەشهەدانی دووپات کردەوە.
پارتی تەقەدووم، لەگەڵ پێنج هێزی دیكەی پێكهاتەی سوننە هێشتا سوورە لەسەر ئەوەی ھەر خۆی خاوەن زۆرینەی سوننەیە و پۆستەکە مافی ئەوانە، بۆ ئەوەش داوای هەموارکردنی پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمان دەکات تاوەکو كاندیدە نوێكەی پێشكەش بكات و ئەم گرێکوێرەیە بکرێتەوە، بەڵام بەرەكەی دیكەی سوننەكان و لایەنە شيعەکان بەدەم داواکارییەکانی تەقەدوومەوە ناچن، ئامادەنین ئەو ماددەیە هەموار بکەن کە رێگە بە كاندیدكردنی ناوی نوێ دەدات.
لە بەرامبەردا هەردوو هاوپەیمانی عەزم و سیادە، پشتگیری خۆیان بۆ کاندیدکردنی مەحمود مەشهەدانی دووپاتدەكەنەوە و لە راگەیاندراوێكدا بڵاویانكردەوە، بڕیارەكەیان وەڵامدانەوەیە بۆ هەوڵی هێزە نیشتمانیەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی و پارتی دیموكراتی كوردستان، لەپێناو چارەسەركردنی پرسی كێشەی هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان و پابەندبوون بە بڕیاری دادگای فیدراڵی و نەكەوتنە ناو هەڵەی دەستوریەوە.
پێشكەشكردنی دوو كاندیدی جیا لەلایەن سوننەكانەوە، لەكاتێكدایە، لە دوا كۆبوونەوەیاندا چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەكان بۆ یەكلاییكردنی پرسی سەرۆكی پەرلەمان تا دوای چلەی ئیمام حوسێن كە 25ـی ئەم مانگەیە مۆڵەتی بە سوننەكان دا ئەو پرسە یەكلایی بكەنەوە.
دوای دوورخستنەوەی محەممەد حەلبوسی، پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق زیاتر لە شەش مانگە به وهكالهت بهڕێوهدهبرێت.