هێمن ڕەمەزان: بانکی ناوەندی بەردەوام ئاستەنگ بۆ بازرگانانی هەرێمی کوردستان دروست دەکات
بازرگان و خاوەن کۆمپانیایەک دەڵێت، ڕۆژانە تووشی ئاستەنگ دەبین لەوەرگرتنی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندی، چونکە ناتوانین ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەل بانکی ناوەندی بکەین.
هێمن ڕەمەزان، بازرگان و خاوەن کۆمپانیا بەکوردستان24ـی ڕاگەیاند، بەردەوام لەهەوڵداین بۆ ئەوەی ئەو دۆلارەمان بەدەست بگات کە بانکی ناوەندی دەیدات، چونکە ئێمە بازرگانی دەکەین و کاڵا لەدەرەوە هاوردە دەکەین، هەروەها ڕۆژانە تووشی ئاستەنگ دەبین، چونکە ناتوانین ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەل بانکی ناوەندی بکەین.
گوتیشی: زۆربەی بازرگانانی مامناوەند و بچوک ئەو دۆلارەیان بەدەست ناگات کە بانکی ناوەندی عێراقی دەیدات، بۆیە ئەگەر ئێمە لە ڕؤژێکدا داوای پێنج ئینڤۆیس بکەین یەک ئینڤۆیسمان پێدەدەن، کیشەکانیش لەونبانکانەوە دروست دەکرێت کە نێوەندگیرن لە نێوان بانکی ناوەندی و بازرگانان یان کۆمپانیاکان.
بڵند محەممەد، بەڕێوەبەری تۆماری کۆمپانیاکان گوتی: ڕێکارەکانی چۆنیەتی ناردنەدەرەوەی پارە بۆ بازرگانان و خاوەن کارگە و پرۆژەکان، لە 10 خاڵ پێکهاتووە، کە خاڵێکی تایبەتە بە هەرێمی کوردستان، کە پێویستە هەر کارگە یان پرۆژەیەک یان دامەزراوەیەکی بازرگانی لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیەکەی خۆیانەوە نووسراو بۆ فەرمانگەی کۆمپانیاکانی بەغدا بکەن و ئەوانیش دەینێرنە بانکی ناوەندی.
ئاماژی بەوەش کرد، لە کۆی 35 هەزار 666 کۆمپانیا تەنیا دوو هەزار و 644 کۆمپانیا داوایان کردووە پارە بنێرنە دەرەوە، بۆیە هەر کارگەیەک لەڕێگەی سەکۆی ئەلیکترۆنی دەتوانێت داوای بڕێک پارە بکات، جا ئەو بڕە پارەیەش دەچێتەوە بەغدا کە هەندێک جار دوادەکەوێت، هەروەها بانکەکانی هەرێمی کوردستان ناتوانن ئاسانکاری بۆ ئەو پرۆسەیە بکەن.
بڵند محەممەد، بەشێک لەوانە ناتوانن داواکاری پێشکەشی سەکۆی ئەلیکترۆنی بکەن چونکە ناوەکانیان عەرەبی نییە، ئەوەش حکوومەتی بەغدا بەبیانووی پاراستنی زمانی عەرەبی ڕێگری لە دامەزراوە بازرگانییەکان دەکەن تا ئەوکاتەی ناوەکانیان دەگۆڕن.