ژماره‌ی كوژراوانی غه‌ززه‌ بۆ 39965 كه‌س به‌رز بووه‌وه‌

مووشه‌كبارانكردنی غه‌ززه‌ له‌لایه‌ن سوپای ئیسرائیل
مووشه‌كبارانكردنی غه‌ززه‌ له‌لایه‌ن سوپای ئیسرائیل

ژماره‌ی قوربانییانی هێرشه‌كانی سوپای ئیسرائیل بۆ سه‌ر كه‌رتی غه‌ززه‌ به‌رز بووه‌وه‌ و سوپای ئیسرائیلیش له‌ هێرشه‌كانی بۆ سه‌ر كه‌رته‌كه‌ و لێدانی چه‌كدارانی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس به‌رده‌وامه.

چوارشه‌ممه‌، 14ـی ئابی 2024، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی غه‌ززه‌ ڕایگه‌یاند، تا دێ به‌هۆی هێرشه‌كانی سوپای ئیسرائیل بۆ سه‌ر كه‌رتی غه‌ززه‌ ژماره‌ی كوژراوان و برینداران زیاتر دەبن و له‌ هه‌مان كاتدا، دانیشتووان تووشی برسییه‌تیی و نه‌هامه‌تیی سەخت بوونە.

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی غه‌ززه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، به‌هۆی هێرشه‌ به‌رده‌وامه‌كانی ئیسرائیله‌وه‌ ژماره‌ی كوژراوان بۆ 39 هه‌زار و 965 كه‌س به‌رز بووه‌ته‌وه‌، هاوكات ژماره‌ی برینداران گه‌یشتووه‌ته 92 هه‌زار و 294 كه‌س. ڕوونیشی كردووه‌ته‌وه‌ 70%ـی قوربانییه‌كان منداڵ و ئافره‌تن.

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی غه‌ززه‌ ڕوونیشی كردووه‌ته‌وه‌، له‌ ماوه‌ی 24 كاتژمێری ڕابردوودا 36 هاووڵاتیی له‌ غه‌ززه‌ كوژراون و زیاتر له‌ 50ـی دیكه‌یش بریندار بوونه‌.

ڕۆژی شەممە، 10ـی ئابی 2024، مێدیا فەڵەستینییەکان ڕایانگەیاند، لە هێرشێکی ئیسرائیل لە کاتی نوێژی بەیانیدا بۆ سەر قوتابخانەیەک لە گەڕەکی دەراج، لە ناوەڕاستی شاری غەززە، زیاتر لە 100 فەڵەستینی کوژران و دەیان کەسیش بریندار بوون.

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند "بۆمبارانی ژمارەیەک چەکداریان کردووە کە ئەو قوتابخانەیەیان لە  ناوەڕاستی گەڕەکەکە، وەک پەناگە بەکار دەهێنا".

بەرەبەیانی چوارشەممە، 31ـی ته‌ممووزی 2024، بزووتنەوەی حەماس لە ڕاگەیەندراوێکدا کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەکە و پاسەوانێکی، لە ئەنجامی هێرشێکی ئیسرائیل لە تاران، ڕاگەیاند.

حەماس ئەوەشی خستە ڕوو، ئیسماعیل هەنییە دوای بەشداریی لە رێوەڕەسمی دەستبەکاربوونی سەرۆککۆماری نوێی ئێران، چووەتە شوێنی مانەوەی لە تاران و دواتر تیرۆر کراوە. 

ڕۆژی شه‌ممه‌ 29ـی حوزه‌یرانی 2024، کەرتی چاکسازیی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە تۆڕی ڕێکخراوە ناحکوومییەکانی فەڵەستین هۆشداری دا له‌ به‌رده‌وامی هێرشه‌كانی ئیسرائیل بۆ سه‌ر كه‌رته‌كه‌.

کەرتی چاکسازیی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە تۆڕی ڕێکخراوە ناحکوومییەکانی فەلەستین ڕایگه‌یاند‌، تا ئێسته‌ له‌ ئه‌نجامی هێرشه‌كانی ئیسرائیلدا زیاتر له‌ 10 هه‌زار كه‌س كه‌ نیوه‌یان منداڵن كه‌مئه‌ندام بوونه‌.

ڕۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران و سەدانی دیکەش بریندار بوون، هاوکات  240 هاووڵاتیی ئیسرائیل وەکوو بارمتە لەلایەن حەماسەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كران.