لاوەند مەموندی: ئیمارات ڕێکارەکانی پێدانی ڤیزا بە هاووڵاتییانی عێراق توندتر دەکات
K24 – هەولێر:
سەرۆکی یەکێتیی کۆمپانیا گەشتیارییەکانی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت: بەهۆی ئەوەی هاووڵاتییانی عێراق و هەرێمی کوردستان کاتێک گەشت بۆ ئیمارات دەکەن زیاتر لە 30 ڕۆژ لە وڵاتەکە دەمێننەوە و لەوێدا داوای دەرهێنانی نیشینگە دەکەن، ڕەنگە وڵاتەکە ڕێکارەکانی پێدانی ڤیزا بە هاووڵاتییانی عێراق و هەرێمی کوردستان توندتر بکات.
چوارشەممە 14ـی ئابی 2024 لاوەند مەموندی، سەرۆکی یەکێتیی کۆمپانیا گەشتیارییەکانی کوردستان، تایبەت بە کوردستان24ـی گوت: چەند ڕۆژێکە وەڵامی زۆربەی ڤیزای ئەو کەسانەی کە سەڵتن بۆ وڵاتی ئیمارات نەهاتووەتەوە و بەشێکیشیان ڕەت کراونەتەوە، بەڵام تا ئێستە پێدانی ڤیزا بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و عێراق نەوەستاوە و بلۆک نەکراوە.
سەرۆکی یەکێتیی کۆمپانیا گەشتیارییەکانی کوردستان، ئاماژەی بەوە کرد: وڵاتی ئیمارات تا ئێستە بە نووسراو فەرمی لەبارەی ئەو کێشەیە ئاگادارمانی نەکردووەتەوە، بەڵام ڕەنگە ڕێکاری پێدانی ڤیزا بۆ هاووڵاتییانی عێراق و هەرێمی کوردستان بگۆڕدرێت و توندتر بکرێن.
بە گووتەی لاوەند مەموندی، هۆی دواکەوتنی هاتنەوەی ڤیزای ئیمارات و ڕەتکردنەوەی بەشێکیان، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کاتێک گەشتیاران ڤیزا وەردەگرن و ڤیزاکە بۆ ماوەی 30 ڕۆژە، بەڵام کە دەگەنە ئیمارات، زیاتر لە 30 ڕۆژ دەمێنێنەوە و داوای دەرهێنانی نیشنگە دەکەن، بەو چەشنەش ئەو کۆمپانیایانەی کە لە عێراق و هەرێمی کوردستان ڤیزاکانیان بۆ هاووڵاتییان وەرگرتووە تووشی کێشە دەبن بەرامبەر بە حکوومەتی ئیمارات.
جەختی لەوەش کردەوە: بۆ لەمەودوا وڵاتی ئیمارات بۆ پێدانی ڤیزا بە هاووڵاتییانی عێراق و هەرێمی کوردستان، داوای دۆکیۆمێنتی زیاتر دەکات.
سەرۆکی یەکێتیی کۆمپانیا گەشتیارییەکانی کوردستان، گوتیشی: فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەم کێشەیە ئاگادار دەکەینەوە بۆ ئەوەی بە زووترین کات لەگەڵ حکوومەتی ئیمارات چارەی بکات، "چونکە نامانەوێت گەشتیار و بازرگانانی ئێمە لەکاتی وەرگرتنی ڤیزای ئیمارات تووشی کێشە بن".