فارس عیسا: جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگال باشترین ڕێگەچارەیە بۆ ئاوارەکان تا بتوانن بۆ ناوچەکانیان بگەڕێنەوە
K24 - هەولێر:
سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا و سکرتێری یەکەمی باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا لە عێراق بۆ کاروباری سیاسی و ڕۆشنبیری، دۆسیەی ئاوارەکان و پرسی داخستنی کەمپەکانیان لە هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرد.
چوارشەممە 14 ی ئابی 2024، فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، پێشوازیی لە ئادریان ڕایزەر، سکرتێری یەکەمی باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا لە عێراق بۆ کاروباری سیاسی و ڕۆشنبیری کرد.
لە دیداری نێوان سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، لەگەڵ سکرتێری یەکەمی باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا لە عێراق بۆ کاروباری سیاسی و ڕۆشنبیری، دۆسیەی ئاوارەکان و پرسی داخستنی کەمپەکان لە هەرێمی کوردستان تاوتوێ کران.
فارس عیسا، تێڕوانینی هەولێری سەبارەت بە داخستنی کەمپەکان و گەڕانەوەی دڵخوازانەی ئاوارەکان بۆ ماڵ و حاڵی خۆیان ڕوونکردەوە و هەروەها لەگەڵ ئادریان ڕایزەر گفتوگۆیان لەسەر گرنگترین ئاستەنگەکانی بەردەم دۆسیەکە کرد.
سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا جەختی لەسەر پێویستی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شەنگال کردەوە کە لەنێوان حکوومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستاندا ئیمزا کراوە. هاوکات، بەباشترین ڕێگەچارەی زانی بۆ ڕەخساندنی ژینگەیەکی لەبار بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان و کۆتاییهێنان بەم دۆسیەیە.
له بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا ئاماژەی به پشتیوانیی حکوومەتی مەسرور بارزانی کرد بۆ پتەوکردنی پێکەوەژیانی ئاشتیانه و لێبوردەیی له نێوان پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان و پاراستنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و نەهێشتنی توندوتیژی و ڕق و کینه لە کۆمەڵگەدا.
هاوکات فارس عیسا ئاماژەی بەوەش کرد: کە دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێکاری بەپەلەیان گرتووەتەبەر بۆ ڕێگریی لە بەکارهێنانی لێدوانی نابەرپرسانە لەلایەن ئەو کەسانەی کە دەبنە هۆی دروستکردنی ناکۆکی ئایینی و مەزهەبی و هەڕەشە بۆ سەر پێکەوەژیانی برایانە لەنێوان پێکهاتەکاندا.
لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، ئاماژەی بە پرسی پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی لەکەرکووک دا کە بەبێ ڕێککەوتن و بەشداریی سەرجەم لایەنە براوەکان لەهەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا پێکهاتووە. جەختی لەوە کردەوە: کە بەشداریپێنەکردنی هەموو پێکهاتەکان لەئیدارەی پارێزگاکەدا خزمەت بە بەرقەراربوونی ئاسایش و سەقامگیری لە پارێزگای کەرکووک ناکات.
لای خۆیەوە، ئادریان ڕایزەر، سکرتێری یەکەم بۆ کاروباری سیاسی و ڕۆشنبیری باڵێوزخانەی ئەڵمانیا لە بەغدا، هەڵوێست و حیکمەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لە مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەکانادا بەتایبەتی دۆسیەی ئاوارەکان و پاراستنی ئاشتی مەدەنی لە سیاسەتی سەرکردایەتی هەرێم بەرز نرخاند. بەتایبەتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ستایش کرد و جەختی کردەوە کە بەشداری پێنەکردنی هەموو پێکهاتەکان لە حکوومەتی خۆجێیی خزمەت به ئاسایش و سەقامگیری پارێزگای کەرکووک ناکەن.