دەزگای تەندروستیی گشتیی كوردستان بە چاودێریی نووسینگەی مەلامستەفا بارزانی دەرمان و پێداویستی پزیشکی دابین دەکات
K24 – هەولێر:
دەزگای تەندروستیی گشتیی كوردستان بە چاودێریی نووسینگەی مەلامستەفا بارزانی، لەژێر ناوی "تەندروستیی ئێوە كاری لەپێشینەی ئێمەیە"، لە سنووری شارۆچكەی ڕواندز دەرمان و پێداویستییە پزیشكییەكان بەسەر نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکان دابەش دەکات.
ئامانج لە دابەشکردنی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان لەلایەن دەزگای تەندروستیی گشتی، بۆ ئەوەیە لە ڕێگەی نەخۆشخانە و بنكە تەندروستییەكانەوە خزمەتی زیاتری ھاووڵاتییان بكرێت و چارەی پێویست بۆ نەخۆشان دابین بکرێت.
لەلایەن خۆیەوە، د. محەممەد حوسێن، جێگری سەرۆکی دەزگای تەندروستیی گشتیی كوردستان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: هاوکارییەکانی دەزگاکەیان لە 27 جۆر پێک دێن کە ڕۆژانە لە نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکان بۆ ئەو هاووڵاتییانەی سەردانیان دەکەن، بەکاردەهێنرێن.