عەلی ئەلهێل: ناتانیاهۆ ڕێککەوتنەکانی ئاگربەست تێک دەدات

گابریێل سوما: ترەمپ لە بایدن زیاتر پشتیوانی ئیسرائیل دەکات
عەلی ئەلهێل، شرۆڤەکاری سیاسی و  گابریێل سوما، ئەندامی دەستەی راوێژکاری ترەمپ
عەلی ئەلهێل، شرۆڤەکاری سیاسی و  گابریێل سوما، ئەندامی دەستەی راوێژکاری ترەمپ

K24 – هەولێر:

شرۆڤەکارێکی سیاسی ئاماژە بەوە دەکات، ئەمەریکا نەیتوانیوە ڕۆڵێکی ئاشتیانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگێڕێت. دەشڵێت: ئەگەر شەڕی ئیسرائیل و حەماس بوەستێت ئەوا داهاتووی سیاسیی ناتانیاهۆ لە زیندانەکان کۆتایی پێ دێت، لای خۆیەوە ئەندامێکی دەستەی ڕاوێژکاریی ترەمپ، گوتی: ترەمپ لە بایدن زیاتر پشتیوانیی ئیسرائیل دەکات.

عەلی ئەلهێل، شرۆڤەکاری سیاسی و  گابریێل سوما، ئەندامی دەستەی ڕاوێژکاریی ترەمپ، لەمیانەی بەشدارییان لە بەرنامەی باسی ڕۆژی کوردستان24 کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی کرد، باسییان لە هەڵوێستی ئەمەریکا لەبارەی شەڕی حەماس و ئیسرائیل کرد، هەردوولایان ڕاوبۆچوونی جیاوازیان لەبارەی بابەتەکە هەبوو.

لە دەستپێکدا، عەلی ئەلهێل، شرۆڤەکاری سیاسی، ڕایگەیاند: سبەی ڕۆژیکی یەکلاکرەوەیە لە مێژووی ڕێککەوتنەکان و دەوحە دەبێتە شوێنی کۆکردنەوەی لایەنەکان. بەڵام تا ئێستە نازانرێت ئایا حەماس ئامادە دەبێت بەشداریی بکات لە گفتوگۆکردن لەسەر ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە؟.

ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە پێی وایە، ئەمەریکا نەیتوانیوە ڕۆڵیکی ئاشتییانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگێڕێت. سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، کە بایدن بووەتە یاری دەستی ئیسرائیل.

ناوبراو دەڵێت: ناتانیاهۆ نایەوێت شەڕ بوەستێت، وەزیری بەرگری و سوپاسالاری ئیسرائیلیش ئەوەیان سەلماندووە، هەروەها ناتانیاهۆ ڕێککەوتنەکانی ئاگربەست تێک دەدات.

عەلی ئەلهێل، جەختی لەوە کردەوە، ئەگەر شەڕی حەماس و ئیسرائیل بوەستێت ئەوە داهاتووی سیاسی ناتانیاهۆ لە زینداندا کۆتایی پێدێت و ناتانیاهۆ خۆی دەپارێزت و دەیەوێت درێژە بە شەڕی غەززە بدات.

لای خۆیەوە گابریێل سوما، ئەندامی دەستەی ڕاوێژکاریی ترەمپ، گوتی: ململانێکان لە سەروبەندی فراوانبوون دان، ئەمەریکا نایەوێت شەڕەکە فراوانتر بێت و دەیەوێت ئاگربەست لە غەززە ڕابگەیەندرێت، هەوڵەکانیشی لەو پێناوەدا بەردەوامە.

ئەو ئەندامەی دەستی ڕاوێژکاریی ترمپ ئاماژەی بەوە کرد: بایدن نیگەرانە لە کوژرانی خەڵکی سڤیل لە غەززە. هاوکات دەڵێت: ئیسرائیل هاوپەیمانی ئەمەریکایە و هیچ هەڵوێستێکی ئەمەریکا پێچەوانەی ئیسرائیل نابێت.

گوتیشی: دیموکرات و کۆمارییەکان پشتگیرییەکی باشی ئیسرائیل دەکەن، پشتگیریکردن لە دۆزی فەڵەستین لە ئەمەریکا 20% تێپەڕ ناکات، هەروەها ترەمپ بگاتە کۆشکی سپی زیاتر هاوکاریی ئیسرائیل دەکات.

گابریێل سوما، لەبارەی حەماسەوە، جەختی لەوە کردەوە: کە حەماس دامەزراوە تەنیا بۆ ئەوەی ڕێگری لە ئاسایکردنەوەی پەیوەندی نێوان وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل بکات.

چوارشه‌ممه‌، 14ـی ئابی 2024، سه‌رچاوه‌ مێدیاییه‌كان بڵاویان كرده‌وه‌، سبه‌ی پێنجشه‌ممه‌ دانوستانه‌كان بۆ ئاگربه‌ست له‌ غه‌ززه‌ له‌ ده‌وحه‌ی پێته‌ختی قه‌ته‌ر دەست پێ دەکەن.