ڕێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ: لە 2003ـەوە تا ئێستە زیاتر لە 280 گۆڕی بەکۆمەڵ لە عێراق هەڵدراونەتەوە
K24 - هەولێر:
ڕێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، لە ساڵی 2003ـەوە تا ئێستا زیاتر لە 280 گۆڕی بەکۆمەڵ لە عێراق هەڵدراونەتەوە، ئێسک و پروسکی 400 هەزار کەس لەخۆدەگرن و نزیکەی یەک ملیۆن کەسیش لە عێراق بزرن. بەشێک لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان قوربانییانی دەست تاوانەکانی داعشیان تێدایە، کە لەلایەن تیمی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش هەڵدراونەتەوە، لە کاتێکدا ئەرکی ئەو تیمە لە ئەیلوولی ئەمساڵ کۆتایی دێت.
عێراق، وڵاتێکە بەهۆی زۆری ژمارەی بزربووان و شاردنەوەی بەکۆمەڵی قوربانییان، ناوی لێنراوە وڵاتی گۆڕە بەکۆمەڵەکان. ساڵانە گۆڕی بەکۆمەڵ لە عێراق هەڵدەدرێنەوە و ئێسک و پروسکی کەسانی بزربوو دەدۆزرێنەوە. بەڵام ئەرکی تیمی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش ناسراو بە یونیتاد، کە کاری کردووە بۆ دۆزینەوە گۆڕەکان لەسەر داوای عێراق تەنیا بۆ ماوەی ساڵێک درێژکرایەوە، ئەمەش وادەکات تەواوبوونی کاتەکەی لە ئەیلوولی ئەمساڵ، ئاستەنگ لەبەردەم دۆزینەوەی ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانە دروست بکات.
ناوەندی ستراتیجی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق ڕایگەیاند، مەزندە دەکرێت گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە عێراق ئێسک و پروسکی 400 هەزار کەسیان تێدا بێت، هەروەها 250 هەزار بۆ یەک ملیۆن کەس بزرن کە زۆرینەیان لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان نێژراون.
بەڕێوبەرایەتیی کاروباری پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی حکوومەتی عێراق ئاشکرای دەکات، لە 2003ـەوە تا ئێستا 288 گۆڕی بەکۆمەڵ هەڵدراونەتەوە.
ڕێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، بەشێک لەو گۆڕە بەکۆمەڵانە قوربانییانی دەست تاوانەکانی داعش لە 2014 تا 2017 لەخۆدەگرن.
ئاشکراشی دەکات، تا ئێستا بە پشتیوانیی تیمی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش، بەڕێوبەرایەتی کاروبار و پاراستنی گۆڕەبەکۆمەڵەکان و هەروەها بەڕێوبەرایەتیی پزیشکی دادوەری حکوومەتی عێراق، 67 گۆڕی بەکۆمەڵی پەیوەندیدار بە تاوانەکانی داعش هەڵدراونەتەوە.
هەروەها لەکۆی هەزار و 700 قوربانی هێرشەکەی داعش بۆ سەر بنکەی سپایکەر، لە ساڵی 2017 تا 2023 بە یارمەتی یونیتاد حکوومەتی عێراق توانیویەتی ئێسک و پروسکی هەزار و 237 قوربانی بدۆزێتەوە.
هەروەها لە ئایاری ئەمساڵ حکوومەتی عێراق و یونیتاد ڕایانگەیاند، هەڵدانەوەی گۆڕی بەکۆمەڵی عەلۆ عەنتەر، لە قەزای تەلەعفەر لە نەینەوا دەستی پێ کردووە و مەزندە دەکرێت ئێسک و پروسکی هەزار قوربانی دەست تاوانەکانی داعشی تێدا بێت.