وەزیری دەرەوەی عێراق گەیشتە ئەنقەرە

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق

K24 – هەولێر:

وەزیری دەرەوەی عێراق گەیشتە ئەنقەرە و سبەی گەڕی چوارەمی کۆبوونەوەی لێژنەی باڵای ئەمنیی عێراق و تورکیا بەڕێوە دەچێت.

پەیامنێری کوردستان24 لە ئەنقەرە ڕایگەیاند، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بە سەرۆکایەتیی لێژنەی باڵای ئەمنیی گەیشتە ئەنقەرە و سبەی گەڕی چوارەمی کۆبوونەوەی لێژنەی ئەمنی نێوان هەردوو وڵات بەڕێوە دەچێت.

ئەمە لە کاتێکدایە، ڕۆژی یەکشەممە، 11-08-2024، لێژنەى باڵاى ئەمنیى عێراق بە سەرۆکایەتیى فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیرى دەرەوە و بە ئامادەبوونى ڕێبەر ئەحمەد، وەزیرى ناوخۆى هەرێمى کوردستان کۆ بووەوە. بە گوێرەى ڕاگەیەندراوى وەزارەتى دەرەوەی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی ئامادەکارییەکانی سەردانی لیژنەکە بۆ تورکیا کراوە.

چەند ڕۆژێک پێش ئێستا، سەبارەت بە بەردەوامی دیدارەکان لەگەڵ حکوومەتی عێراق، سەرچاوەکانی وەزارەتی بەرگریی تورکیا بە ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵۆیان ڕاگەیاند: "ڕاگەیاندنی پەکەکە بە 'ڕێکخراوی قەدەغەکراو' هەنگاوێکی گرنگە، بەڵام ئێمە چاوەڕوانین بە تەواوی بە 'ڕێکخراوی تیرۆریستیی' ڕابگەیەندرێت".