ڤێدانت پاتێل: گفتوگۆمان لهبارهی كشانهوهی هێزهكانمان له عێراق نهكردووه
K24 – هەولێر:
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاشکرای کرد، بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی گفتوگۆیان لەبارەی کشانەوەی هێزەکانیان لە عێراق نەکردووە.
ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاند: لە ساڵی ڕابردووەوە، لەگەڵ حکوومەتی عێراق چەند گفتوگۆیەکمان کردووە لەبارەی داهاتووی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق، لە نێویشیاندا کاتێک سەرۆکوەزیران سوودانی لە مانگی نیسانی ڕابووردو لەگەڵ سەرۆک بایدن لە واشنتن دی سی کۆبووەوە .
ناوبراو ئاشکرای کرد: لە هیچ خاڵێکدا، گفتوگۆیان لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراقدا نەکردووە، لەگەڵ ئەوەشدا، بەردەوام دەبن لە گفتوگۆکردن لەبارەی گۆڕانی ئەرکی هێزەکان بۆ هاوبەشییەکی ئاسایشی دووقۆڵی، وەک لە ڕاگەیێندراوەکەی سوودانی لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی پێ دراوە.
گوتیشی: گفتوگۆکانمان بەردەوامن و ئەمە پرۆسەیەکە لەسەر بنەمای گفتوگۆ ستراتیجییە دوو قۆڵییەکانی ڕابردوو دروست بووە و ڕەگیان داکوتاوە لەو پابەندییە هاوبەشەی بۆ هەماهەنگی ئەمنی و هەماهەنگیی دوولایەنەمان لە سەقامگیری ناوچەکەدا.