کاردینال ساکۆ: پێویستە بنەماکانی برایەتی و لێبوردەیی پتەو بکرێن
K24 – هەولێر:
پاتریارك و سەرۆکی كڵێسای كلدانی لە عێراق و جیهان دەڵێت: ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر پشتیوانیی لە بەدیهێنانی ئاشتی دەکەن و پێویستە بنەماکانی برایەتی و لێبوردەیی پتەو بکرێن.
کاردینال لویس ساکۆ، پاتریارك و سەرۆكی کڵێسای كلدانی لە عێراق و جیهان، گوتی: ڕێگەی ئاشتی ئاشکرایە و زاڵبوون بەسەر قەیرانەکان لەڕێگەی گفتوگۆ و لێکگەیشتن و ڕێزگرتنە لە یاسای نێودەوڵەتی، نەک لەڕێگەی دەهۆڵی جەنگ و بارووت.
هاوکات گوتیشی: لە هەموو کاتێک زیاتر پشتیوانیی لە بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیریی دەکەین هەروەها پێویستە بنەماکانی برایەتی و لێبوردەیی پتەو بکرێن.
پێشتریش کاردینال لویس ساکۆ، پاتریارك و سەرۆكی کڵێسای كلدانی لە عێراق و جیهان، ڕایگەیاندبوو: کە دەبێت مەرجەعەکانی ئایینی کریستییان، ئیسلام و جووەکان بە یەکگرتوویی لە بەرامبەر ئەو کەسانەدا بوەستنەوە کە داوای ڕق و تووندڕەوی دەکەن و تەپڵی جەنگ دەکوتن. هاوکات لە پێناو ئاشتیی ناوچەکە پێشنیاز دەکات نوێژی هاوبەش لەنێوان مزگەوت و کڵێساکاندا بکرێت.
ناوبراو گوتبووشی: ئەگەر مرۆڤە ژیرەکان لە جیهاندا هەنگاو بۆ ڕاگرتنی ئەو توندوتیژییە بەردەوامە نەگرنەبەر، کە خەریکە ژیانی هەزاران کەس دەخاتە مەترسییەوە و ماڵوحاڵییان وێران دەکات، ئەوا ئەو کاتە ئێمە لە بارودۆخێکی زۆر کارەساتباردا دەژین.
پاتریارکی کڵێسای کلدانی لە عێراق و جیهان، باسی لەوەش کردبوو: ڕاستە هەمووان ڕایدەگەیەنن کە دژی شەڕن، بەڵام خۆیان چەکدار دەکەن و شەڕ دەکەن. ئاشتی دەبێت پابەندبوونێکی ڕەها بێت. ئێمە گەلانی ناوچەکە لەگەڵ یەکتردا دەژین و ناتوانین بە گۆشەگیری بژین. هیچ شتێک بە شەڕ چارە نابێت.