ئێران پێگەی خۆی لە بازاڕی نێودەوڵەتیی فرۆشتنی چەک فراوانتر دەکات
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی گۆڤاری 'ناشیۆنال ئینتێرست' ئیدارەی جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا هەوڵ دەدات ڕێ لە هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران و گرووپەکانی بۆ سەر ئیسرائیل، بگرێت. هاوکات ئێرانیش هەوڵ دەدات پشکی خۆی لە بازاڕی نێودەوڵەتیی چەک زیاد بکات.
لەم دواییانەدا، حزبوڵڵای لوبنانی بە مووشەکی ئێرانی هێرشی کردە سەر باکووری ئیسرائیل کە لەئەنجامدا 12 منداڵ کوژران، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە ئیسرائیلییەکان دووەمین فەرماندەیی حزبوڵڵای لوبنانی بکوژن، کە ئێستا ئەو حزبە بەدوای تۆڵەسەندنەوەیە.
بەشێک لە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی لە ئێران دروست کراون، دەتوانن دوو هەزار و 600 کم بفڕن.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ئێران سوودمەندە لە ژینگەی نێودەوڵەتی کە بەئاسانی ڕێگەی پێ دەدات چەک بە وڵاتانی دیکە بفرۆشێت.
یەکێک لە ڕێگاکانی ئێران کە دەتوانێت سەرنجی وڵاتان ڕابکێشێت، سیستەمە کەم تێچووەکانییەتی کە لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەکانیدا هەیە و لە بەرەکانی شەڕدا بەکاریان دەهێنێت.
فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شاهید-136 ڕۆڵێکی سەرەکیی هەبوو لە شەڕی ڕووسیا دژی ئۆکرانیا، چونکە مۆسکۆ لە دوو ساڵی یەکەمی شەڕەکەدا چوار هەزار و 600 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بەکار هێنا، هەمان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل لە 13ـی نیساندا بەکار هات.
لە دەرەوەی ئۆکرانیا و ئیسرائیل، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران لانیکەم لە دوو کیشوەری دیکەدا بینراون، ئەمەش بڵاوبوونەوەی چەکی ئێرانی لە ململانێ نێودەوڵەتییەکان نیشان دەدات.
لە ڤەنزوێلا، ڕاپۆرتەکان لە ساڵی 2012دا ئاشکرای دەکات کە تاران یارمەتی کاراکاس دەدات بۆ بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ناوخۆدا. هێزە چەکدارەکانی ڤەنزوێلا لە مووشەکی موهاجر-2ـی ئێرانی کە ناوی ئەنسۆ-100 و هەروەها مووشەکی ئەنسۆ-200 کە زۆر لە مووشەکی شاهید-171ـی ئێرانی دەچێت، سوود وەردەگرن.
مانگی تەمموزی ساڵی ڕابردوو پەرلەمانتارێکی ئێران باسی لە زیادبوونی هەناردەی سەربازیی لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا کرد و ئاماژەی بەوەدا کە بەرهەمهێنان دوو هێندە و نیو گەشەی کردووە.
ئاژانسی 'تەسنیم' ی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند "تاران ئامانجی ئەوەیە تا ساڵی 2028 جێگەی تورکیا لە بازاڕی جیهانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکاندا بگرێتەوە و هەوڵدەدات لانیکەم چارەکێکی پشکی ئەو بازاڕە بەدەست بهێنێت کە یەکسانە بە نزیکەی 6.5 ملیار دۆلار".
تاران جگە لە دابینکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، کارئاسانی بۆ دروستکردنی تواناکانی بۆ ئەو وڵاتانە کردووە کە ئارەزووی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە دیزاینی ئێران دەکەن. ئێران لە ساڵی 2022 کارگەیەکی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە تاجیکستان بۆ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەبابیل-2 کردەوە.
جگە لە گەمارۆکانی ئەمەریکا و ئەورووپا، ئێران لە بازرگانی جیهانی چەکدا ڕووبەڕووی هیچ کۆت و بەندێکی نێودەوڵەتی نابێتەوە.