وەزارەتی دارایی فیدراڵی: هیچ کێشەیەک لە لیستی مووچەی مانگی تەمموزی فەرمانبەرانی حکوومەتی هەرێمدا نییە

تیمی هەژماری من هاوکاری مووچەخۆران دەکەن - وێنە: کوردستان24
تیمی هەژماری من هاوکاری مووچەخۆران دەکەن - وێنە: کوردستان24

K24 – بەغدا:

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی فیدراڵی بۆ کوردستان24 ڕایگەیاند: وردبینی لە لیستی فەرمانبەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەواوبوون و هیچ کێشەیەکیان تێدا نییە و لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو، پارەی پێویست بۆ تەمویلی مووچە دەخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

15ـی ئابی 2024، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی فیدراڵی بۆ کوردستان24 ڕاگەیاند، بریار بوو ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵی مووچەی فەرمانبەرانی مەدەنی، خانەنشینان، چاودێری کۆمەڵایەتی و کەسوکاری شەهیدان بەیەک گوژمە بنێرێت، بەڵام بەهۆی تەواونەبوونی ڕێکارە کارگێڕییەکان لە وەزارەتی دارایی فیدراڵی، ناردنی پارەکە دواکەوتووە بۆ سەرەتای هەفتەی داهاتوو.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد: لیستی مووچەی فەرمانبەرانی مەدەنی لەلایەن دیوانی چاودێری داراییەوە نێردراوە بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵی و وەزارەتی دارایش کۆتایی بە وردبینیکردن هێناوە و هیچ کێشەیەک لە لیستەکەدا نییە.

بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەشی ژمێریاریی گشتی لە وەزارەتی دارایی فیدراڵی نەیتوانیوە ڕێکارەکانی ناردنی پارەکە بۆ سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەواو بکات، بۆیە ئەو پرۆسەیە دواخراوە بۆ سەرەتای هەفتەی داهاتوو.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە کۆبوونەوەی ڕۆژی (13ـی ئابی 2024)ـی لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، تەیف سامی، وەزیری دارایی فیدراڵ بە ئەندامانی لێژنەکەی ڕاگەیاندبوو لە ماوەی دوو ڕۆژدا مووچەی مانگی تەمموزی تەواوی فەرمانبەرانی مەدەنی هەرێمی کوردستان دەنێرن.