یەکێتی پیرۆزبایی لە پارتی دەکات و دەڵێت: ئەمڕۆ کوردستان پێویستی بە ھەماھەنگی و پێکەوەکارکردنە
K24 – هەولێر:
بە بۆنەی 16ـی ئاب و دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دەکات و جەخت لەسەر هەماهەنگی و پێکەوەکارکردن دەکاتەوە.
لە پەیامەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بۆ مەکتەبی سیاسیی پارتیدا هاتووە: "لەیادی حەفتاو ھەشت ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستاندا پیرۆزبایی گەرم ئاراستەی بەڕێزتان و ئەندام و لایەنگرانی پارتی دەکەین".
مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئاماژەی بەوەکردووە: "ئەمڕۆ کوردستان لە ھەر کاتێک زیاتر پێویستی بە ھەماھەنگی و پێکەوەکارکردن و پتەوکردنی ڕیزەکانی ھەیە لەسەر بنچینەی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان بە ھەموو پێکھاتەکانییەوە، لەپێناوی چاککردن و گەشەپێدانی زیاتری حوکمڕانی ھەرێم لە ڕێی ئاوەدانی ئیستحقاقە نەتەوەیی و مافە دەستوورییەکانمان لە عێراقی فیدڕاڵدا".
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتووە: "بێگومان ھەڵبژاردنی داھاتووی کوردستانیش دەرفەتێکی باشە بۆ نوێکردنەوەی ئەزموونی دیموکراتی و باشکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵکەکەمان کە ئامانجی بنەڕەتی کوردایەتی و خەباتی ڕەوای کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە".
هەروەها مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئومێد دەکات، یادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان ببێتە فاکتەری پتەوکردنی گیانی ھاوکاری و لێک تێگەیشتنی زیاتری نێوان گشت لایەنەکان، بە ھەردوو حزبیشەوە .
پێش 78 ساڵ، لە 16ـی ئابی 1946، پارتی دیموکراتی کوردستان بە ڕابەرایەتی مەلا مستەفا بارزانی دامەزرا و تاوەکوو ئێستا 14 کۆنگرەی کردووە و بەپێی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکانیش، ئێستا پارتی لە هەرێمی کوردستان و عێراق، گەورەترین پارتی سیاسیی جەماوەرییە.