هەولێر.. خواست لەسەر كڕینی زێر کەم بووەتەوە

بازاڕی قەیسەری بەشی زێڕنگەران
بازاڕی قەیسەری بەشی زێڕنگەران

K24 – هەولێر:

بەرزبوونەوەی نرخی زێر لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان کاریگەری گەورەی لەسەر کڕینی ئەو کانزایە لەلایەن هاووڵاتییان هەبووە، زێڕنگەرێک دەڵێت؛ ئەوانەی پێشتر 30 تا 35 مسقاڵ زێڕیان بۆ هاوسەرەکانیان دەکڕی ئێستە تەنها 10 تا 15 مسقاڵ زێڕ دەکڕن.

زێڕ وەك مەرجێک و بەشێک لە داواکاری لەکاتی پرۆسەی هاوسەرگیری و پێویستی دادەنرێت، لەمساڵدا زێڕ نرخی پێوانەیی تۆمار کرد، بە جۆرێک ئێستا نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 21  لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بە زیاتر لە 520 هەزار دینار دەفرۆشرێت.

دانا وەرتی، گوتەبێژی زێڕنگەرانی هەولێر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: چەند ساڵێک بەر لە ئێستە نرخی مسقاڵێک زێڕ عەیار 21 لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بە نزیکەی 250 هەزار بوو، ئەو کات هاووڵاتییەکی زۆر نزیکەی 40 مسقاڵ زێڕی دەکرد.

ئاماژەی بەوە دا: کاتێک نرخەکەی بەرز بووەوە بۆ سەروو 520 هەزار هاووڵاتییان زیاتر 15 بۆ 20 مسقاڵ زێر دەکەن.

زێر، لە زۆربەی وڵاتان بووە بە بەشێک لە کولتوور، هەرچەندە زێڕ وەک پێشەکی و پاشەکی لە پرۆسەی هاوسەرگیری بۆ ئافرەتان دیاری دەکرێت و کچ و ژنانیش لە بۆنەک وەک بەشێک لە جوانکاری بەکاری دەهێنن، بەڵام لە هەمانکاتدا دەبێتە بارێکی گران بۆ کوڕان، بەتایبەتی لەو کاتانەی نرخەکەی بەرزە.

بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بازاڕی زێڕنگەران بەراورد بە ساڵانی رابردوو چۆڵترە و خەڵکی کەمتر زێڕ دەکڕن.

ئێستا کە نرخی زێڕ بەرزە، پێویستە داواکاری کچان لە کوڕان بۆ کڕین زێڕ دابەزێت و لەکاتی پرۆسەی هاوسەرگیری داوای بڕی زۆر نەکەن، بە بۆچوونی هەندێک لە کوڕ و کچانیش ئەگەر پێکەوە بەختەوەربن، زێڕ نابێتە مەرج بۆ پێکهێنانی ژیانی پێکەوەبوونیان.