فراکسیۆنی پارتی: هۆی دواکەوتنی مووچە، پابەندنەبوونە بە یاسای بودجە و ڕێککەوتنەکان

دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ڕایدەگەیەنێت، هۆی دواکەوتنی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، "جێبەجێنەکردنی یاسای بودجە و پابەندنەبوونە بە ڕێککەوتنەکان".

بڕیارە کاتژمێر 08:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، 01-09-2024، فراکسیۆنە کوردستانییەکان، لە ماڵی شاخەوان عەبدوڵلا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق؛ بۆ تاوتوێکردنی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و چەند پرسێکی دیکە کۆ ببنەوە.

ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئامانجی سەرەکیی کۆبوونەوەکە، یەکخستنی هەڵوێستی فراکسیۆنە کوردستانییەکانە لەبارەی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.

ماوەی زیاتر لە 54 ڕۆژە فەرمانبەر و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی تەمموز (حەوت)ـیان وەرنەگرتووە سەرەڕای ئەوەی ماوەی زیاتر لە 35 ڕۆژە وەزارەتی دارایی و ئابووریی لیستی مووچەکەی ڕەوانەی بەغدا کردووە و پرۆسەی وردبینیش تەواو بووە.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی، هۆی دواکەوتنی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کودستانی؛ بۆ "جێبەجێنەکردنی یاسای بودجە و پابەندنەبوون بە ڕێککەوتنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا" گەڕاندەوە.

بە گوێرەی یاسای بودجە و بڕیاری دادگای فیدراڵی، پێویستە مووچەی مووچەخۆرانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە یەک کاتدا دابەش بکرێت و نابێت مووچەی مووچەخۆران تێکەڵی ململانێیە سیاسییەکان بکرێت.

بە گوتەی ڤیان سەبری،"مانگانە وەزارەتی دارایی عێراق بە بیانووی وردبینی لە لیستی مووچە، نەبوونی پارەی نەختینە، زیادبوونی ژمارەی مووچەخۆران، گەڕاندنەوەی داهاتی ناوخۆ و چەندین بیانووی دیکە، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دوادەخات؛ هەموو بیانووەکانیش سیاسین".

بە گوێرەی ڕێککەوتنێکی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵی، پێویستە هەرێمى کوردستان تەواوى داهاتى ناوخۆ و 50%ى داهاتە خاڵە سنوورییەکان رادەستى حکومەتى فیدراڵى بکات؛ لە بەرانبەردا بەغدا مانگانە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابین دەکات.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی باسی لەوەش کرد "وەزارەتی دارایی مانگانە بەربەستی جیاواز لە بەردەم خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دروست دەکات؛ لە کاتێكدا مووچەی فەرمانبەرانی عێراق بەبێ دواکەوتن دابەش دەکرێت".

بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی؛ هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و 114 هەزار و 194 مووچەخۆری هەیە و کۆی مووچەی مانگانەیان دەبێتە نزیکەی 913 ملیار دینار.