ئاوات شێخ جەناب: "هەژماری من" هەم تەوتینە و هەم سیستەمێکی پێشکەوتووی بانکییە

هەژماری من
هەژماری من

K24 – هەولێر:                                  

وەزیری دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سیستەمی "هەژماری من" سیستەمێکی پێشکەوتووی بانکییە لەڕێی کارتی بانکەوە هەم تەوتین دەکرێت، هەم خزمەتگوزاریەکی زۆری بانکی پێشکەش بە مووچەخۆران دەکرێت.

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکیدا، لەبارەی پرۆژەی "هەژماری من" ئاماژەی بەوە دا، هەڵمەتێکی ناڕەوا دژی پرۆژەکە کرا، دەبوایە وانەبووایە، سیستەمی "هەژماری من" سیستەمێکی پێشکەوتووی بانکییە لەڕێی کارتی بانکەوە هەم تەوتین دەکرێت هەم خزمەتگوزاریەکی زۆری بانکی پێشکەش بە مووچەخۆران دەکرێت.

ناوبراو دەڵێت: پرۆژەکە لەبەغدا و هەرێم بینەو بەردەیەکی زۆری لەسەر دروست بوو دواجار دادگای فیدراڵی بابەتەکەی یەکلا کردەوە و، بەڕوونکردنەوەیەک ڕایگەیاند، هەموو ئەو بانکانەی لە ژێر کۆنترۆڵی بانکی ناوەندیدان دەتوانن تەوتین بکەن، هەموو بانکەکانی ناو هەژماری من کە لە ئێستادا ژمارەیان هەشت بانکە و زیاتریش دەبن لەژێر کۆنترۆڵ و ڕێنمایی بانکی ناوەندیدان.

وەزیری دارایی ئاماژەی بەوە کردووە، چاوەڕوانی ئەوەن تا کۆتایی ئەمساڵ پرۆژەی "هەژماری من" 100% تەواو بێت و تەواوی فەرمانبەران و مووچەخۆران خۆیان لە سیستەمەکە تۆمار بکەن، ئێستە نزیکەی 500 هەزار فەرمانبەر خۆیان لە سیستەمەکە تۆمار کردووە و ئەم مانگە 120 هەزار کەس لە ڕێی هەژماری منەوە مووچەیان وەرگرت، لە هەولێر 96% و لە دهۆک لە 92% و لە سلێمانی لە 37% خۆیان تۆمار کردووە و ڕێژەکەش بەردەوام لە زیادبووندایە.

گوتیشی: لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش سیستەمی وەرگرتنی مووچە دەبێتە دیجیتاڵی، واتە لە ڕێی بانکەوە نەبێت ناتوانیت مووچە وەربگیرێت، هەر کەسێک تا کۆتایی ئەمساڵ خۆی تۆمار نەکات و هەژماری بانکی نەبێت خۆی بەرپرسیار دەبێت چونکە ئەو سیستەمی دابەشکردنی مووچەیەی ئێستا نامێنێت، لە ڕێی ئەم سیستەمەوە مووچەخۆر دەتوانێت لە 15 ملیۆن و زیاتر سلفە و قەرز وەربگرێت.

هاوکات جەختی لەوە کردەوە، ئێستە عێراق کار لەسەر ئەوە دەکات سیستەمێکی بانکی هاوشێوەی هەرێمی کوردستان دروست بکات، ئەو تەوتینەی عێراق لە بانکی رەشید و ڕافیدەین هەیە خزمەتگوزاریەکە وەک هی هەرێم پێشکەوتوو نییە و لەعێراقیش جگە لەبانکی حکومی بانکی ئەهلیش بەشداریان لە تەوتینی مووچە کردووە.

ئاوات شێخ جەناب، لەبارەی هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان، گوتی: لێژنەیەکی هاوبەش لە نێوان هەردوو حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە بە ناوی لێژنەی یەکخستنی ڕێکارە ئیداری و دارایی و ژمێریاریەکان، لە بابەتی خانەنشینی پێشمەرگە لای ئێمە کار بەچەند یاسایەک کراوە ئەوەش پێویستی بەیکخستن و ڕێکخستنەوە هەیە، بۆ هەموو چین و توێژەکان پێویستە ڕێکاری پێویست بۆ ڕێکخستنەوە ئەنجام بدرێت.