سیپان شێروانی: سەردانی شاندی ئەنجوومەنی وەزاری ئابووری بۆ هەولێر چارەی زۆرینەی کێشە ئابووری و داراییەکان دەکات
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت: سەردانی شاندی ئەنجوومەنی وەزاری ئابووری بۆ هەولێر چارەی زۆرینەی کێشە ئابووری و داراییەکان دەکات، هەوڵێکە بۆ ئەوەی کێشەکان بە ڕاپۆرت بە سەرۆکوەزیرانی عێراق بدرێت بۆ بڕیاردان و چارەکردنیان.
شەممە 7ـی ئەیلوولی 2024، ، سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: : بڕیاڕە ئەمڕۆ شاندی ئەنجوومەنی وەزاری ئابووری عێراق بەسەرۆکایەتی فوئاد حوسێن بگەنە هەولێر، ئەو ئەنجوومەنە بەپێی سیستەمی ناوخۆی ئەنجوومەنی وەزیران مادەی 20 لە 2019 پێک دێت لە جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتەکانی دارایی و بازرگانی و پیشەسازیی و کشتوکاڵ و کاروباری کۆمەڵایەتی و پارێزگاری بانکی ناوەندی و سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان و ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی وەزیران، دەڵێت:بۆ دیراسەکردنی ئەو بابەتانەی کە ڕەهەندێکی ئابووری و دارایی هەیە دێنە هەولێر، لەچوارچێوەیەشدا بوودجە و بابەتەکانی ئەو وەزارەتانە گفتوگۆ دەکرێت.
سیپان شێروانی دەڵێت: هەرێمی کوردستان هەرێمێكی دەستوورییە و مافی دەرکردنی یاسای هەیە، هەندێ لە یاساکان فیدراڵیین، هەندێک لە یاساکانیش دەسەڵاتی هەرێم و پارێزگاکانن، بەڵام لە زۆر بابەت کێشە هەیە، مافەکانی هەرێم لە دەستوور لەبارچاو نەگیراون، هەندێک لە بڕیارەکان کێشەی لەنێوان هەولێر و بەغدا دروستکردووە، گوتی: لەگەڵ وەزارەتی دارایی کێشەی مووچەمان هەیە، لەگەڵ کێشەی داهاتی نا نەوتی و بەشی هەرێمی کوردستان لە بەشە بودجەی فیدراڵی و لە وەبەرهێنان و تەشغیلی، تێچووی خەرجی نەوت و پەرەپێدان، لەو کۆبوونەوانە گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت.
گوتی: ئەو لێژنەیە پاش گفتوگۆ کردن لەگەڵ لایەنەکان و وەزارەتەکان لە کوردستان، بەپێی ماددە دەستوورییەکان ئەو کێشانە دەخەنە ڕوو، دواتر لێژنە وەزارییەکە، ڕاپۆرتی خۆی لە ئەنجوومەنی وەزیران دەخاتە ڕوو، سەرۆکوەزیران ڕادەسپێرێت بۆ دەکردنی چەندین بڕیار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، ئاماژەی بەوەشکرد کە پرسی کشتوکاڵ و پاراستنی بەرهەم و گەنمی جووتیاران و پەلەوەرخانەکان و سامانی ئاژەڵ، لەگەڵ کێشەی بازرگانی لە تۆماری کۆمپانیاکان بۆ هەناردەکردنی بەرهەمی کوردستان بۆ پارێزگاکانی عێراق، هەروەها شایستەی زیندانییە سیاسییەکان و کەمئەندامان و بیمەی کۆمەڵایەتیی، کە ئەو توێژانە لە هەرێمی کوردستان هەمان سوود وەک سوودەمەندانی عێراق وەربگرن.
سیپان شێروانی دەڵێت: بابەتی مووچە زۆر ڕوونە، دوای بڕیاری دادگای فیدراڵی، چارەسەریی کێشەی مووچەی کرا و دەبوا وەزارەتی دارایی پابەندی ئەو بڕیاڕە بێت، بەڵام یەک مانگ تێنەپەڕێوە کە بیانوێکی نوێ نەهێننەوە، پێویستە لایەنە کوردییەکان فشار لە حکوومەتی عێراق بکەن و بابەتی مووچە تێکەڵی هیچ بابەتێکی دیکە بکرێت و لە کاتی خۆی بنیردرێت، دەڵێت: کە لیستێک جارێک وردیبینی تێدا دەکرێت و پەسەند دەکرێت، پێویست ناکات هەموو مانگێک دووبارە بکرێتەوە.
گوتیشی: وەزیری دارایی تەیف سامی یەکەمجارە سەردانی هەولێر دەکات، دەڵێت: ئەو سەردانە کاریگەریی ئەرێنی دەبێت لە چارەسەرکردنی کێشەکان، دەشڵێت: هەردوو حکوومەت زۆر بە ڕژدی کاریان بۆ چارەسەریی کێشەکان کردووە.
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 7ـی ئەیلوولی 2024 كاتژمێر 7 شاندی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق دەگاتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و لەلایەن بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازیان لێ دەکرێت.
بڕیاری سبەی یەکشەممە، کۆبوونەوەكانی هەردوو ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق و ئەنجوومەنی ئابووری هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەست پێ بکات کە ماوەی دوو ڕۆژ دەخایەنێت و تێیدا گفتوگۆ لەبارەی چارەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوولا بە پێی دەستوور دەکەن ، بە تایبەتی مافە دەستووریی و شایستە دارایی و بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان.
هەر ئەمڕۆ د. عەممار خەلەف، جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، سەردانەکەی شاندی ئەنجوومەنی وەزارەیی ئابووریی عێراق بۆ هەولێر "هەنگاوێکی گرنگ و ئەرێنییە" بۆ چارەکردنی کێشە ئابوورییە هەڵپەسێراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.