ڕزگار کیستەیی: لە ئەنجامی شەڕی پەکەکە و تورکیا کوردستان زیانی زۆری بەرکەوتووە
چاودێرێکی سیاسی دەڵێت: تورکیا و پەکەکە بە شەڕەکانیان بوونەتە هۆکاریی وەستانی پێشکەتنەکان و ئابووریی لەو ناوچانەی شەڕی تێدا دەکەن.
شەممە 7ـی ئەیلوولی 2024، ڕزگار کیستەیی چاودێری سیاسی بۆ کوردستان24 گوتی:لە دوای ڕاپەڕینەوە دەڤەری بادینان بووەتە مەیدانی شەڕی نێوان پەکەکە و تورکیا، دەڵێت: لەو کاتەوە تا ئێستا، ئەو ناوچەیە ئارامی بەخۆیەوە نەدیوە، سەدان گوند وێران بوون و چۆڵکران کە پڕ لە بەرهەم بوون، خەڵک کوژران و بریندار بوون، دەشڵێت: لەو کاتەوەی شەڕی پەکەکە و تورکیا لەسەر خاکی کوردستان سەری هەڵداوە، کوردستان چەندین ملیار دۆلار زیانیانی بەرکەوتووە.
دەشڵێت: هەردوولا لە تورکیا و پەکەکە ئەو شەڕەیان کە هێنایە نێو کوردستان، بۆ ئەوەی کوردستان ئارام نەبێت و پێش نەکەوێت، چونکە جگەلەوە، هیچ ئەنجامێکی بەدەست نەهێناوە، دەبووا پەکەکە هەوڵ بدات زیان بە هەرێمی کوردستان نەگات.
گوتی: بەهۆی شەڕەکانی پەکەکە و تورکیا، گوندەکانی باکووری کوردستانیش وێران کران وەک باشوور، ئامانج و قازانج لەو شەڕەی پەکەکە و تورکیا هیچ ڕوون نییە، جگەلە ماڵ وێرانکردنی کورد، دەڤەرەکەیان هەموو سووتاند و چۆڵکرد، ژیانی خەڵکیان خستە مەترسیی.
دەڵێت: پەکەکە گوێ بە هاواری خەڵک و سەرکردایەتی کوردستان نادات،وەک ئەوەی ئێمە هەمیشە ڕەچاوی ڕەوشی هەر چوار پارچەی کوردستان دەکەین، پێویستە پەکەکە بەپێی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان هەنگاو بنێت، نەوەک بیکاتە مەیدانی شەڕ، دەبێت تورکیاش شەڕ نەهێنێتە نێو خاکی کوردستان.