کاتژمێر 7 ئێوارە کۆبوونەوەی هەردوو ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق و هەرێم دەست پێدەکاتەوە

K24 – هەولێر:

سەرچاوەیەکی بەشدار لە کۆبوونەوەی هەردوو ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، کاتژمێر7ـی ئێوارەی ئەمـڕۆ کۆبوونەوەکان دەست پێدەکەنەوە.

سەرچاوەیەکی بەشدار لە کۆبوونەوەی هەردوو ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی گوت: لە ماوەی 7 کاتژمێری کۆبوونەوەی ڕابردوودا گەیشتوونەتە چەندین ڕاسپاردە لەسەر دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوولا.

ئەو سەرچاوەیە دەڵێت: هەوڵ دەدەن ڕاسپاردەکان ببن بە بڕیار بۆ یەکلاکردنەوەی تەواوی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوولا. باسی لەوەش کرد، کاتژمێر 7ـی ئێوارەی ئەمڕۆ کۆبوونەوەکانی نێوانیان دەست پێدەکاتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 8ـی ئەیلوولی 2024 بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەردوو ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر کۆبوونەوە.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەدا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەگەر خواست و ویستی چارە هەبێت، چارەکردنی کێشەکان ئاسانە و پێویستە ڕێزگرتن لە دەستوور و ڕێککەوتنەکان بنەما بێت بۆ چارەکردنی هەموو کێشە و ناکۆکییەکان.

سەرۆکی حکوومەت هەروەها جەختی لەوە کردەوە، کە پێویستە حکوومەتی فیدراڵ بە شێوەیەکی دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ هەموو بەشەکانی عێراق بکات و حکوومەتی هەموو ناوچە و پارێزگاکان بێت، وەک چۆن داکۆکی لە مافی هاووڵاتییانی بەسرا و بەغدا دەکات، بە هەمان شێوە پێویستە بەرگری لە مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستانیش بکات.

دووپاتیشی کردەوە، کە هەرێمی کوردستان، هەرێمێکی دەستووریییە و دەبێت ڕێز لە قەوارەی فیدراڵی هەرێم بگیرێت و لەم چوارچێوەیەدا ڕەفتار لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت.