لە سێمێل بە زیاتر لە 29 ملیار دینار چەندین پرۆژە جێبەجێ دەکرێن
پارێزگای دهۆک ڕایدەگەیەنێت، بە 29 ملیار و 546 ملیۆن دینار، چەندین پرۆژەی خزمەتگوزاریی لە سێمێل جێبەجێ دەکرێن، بە جێبەجێکردنی ئەو پرۆژانەش، ناوچەکە گۆڕانکاریی بەخۆیەوە دەبینێت.
یەکشەممە 8ـی ئەیلوولی 2024، پارێزگای دهۆک بڵاوی کردەوە، عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆک و خەلیل مەحموود قایمقامی سێمێل و بەرپرسانی ئیداری ناوچەکە، شریتی سووری چەندین پرۆژەیان لە سێمێل بڕی.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو پارێزگایە، پرۆژەکان بە بەهای 29 ملیار و 546 ملیۆن دینار لەنێو سەنتەری سێمێل و دەورووبەری جێبەجێ دەکرێن، پرۆژەکان بریتین لە قیرتاوکردنی شەقامی گەڕەکی شەهیدان لە پشت پارکی فەرەشین کە لەسەر بوودجەی پارێزگا بە 506 ملیۆن دینار جێبەجێ دەکرێت.
پارێزگاری دهۆک عەلی تەتەر بۆ بەدواداچوونی قۆناغەکانیان، سەردانی پرۆژەی قیرکردنی شەقامێک و دروستکردنی ئاوەڕۆیەکی لە گەڕەکی شەهیدان کرد کە بە 223 ملیۆن دینار جێبەجێ دەکرێن.
دواتر پارێزگاری دهۆک سەردانی نەخۆشخانەی کۆنی سەنتەری سێمێلی کرد کە بڕیاڕە لە شوێنیدا پارکێک دروست بکرێت، لەگەڵ ڕێکخستنی شەقامی گشتی.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا، پارێزگاری دهۆک گوتی: سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ڕەزامەندی نیشانداوە بۆ جێبەجێکردنی چەندین پرۆژەی خزمەتگوزاریی لە سێمێل و کۆمەڵگەکانی دەورووبەری بە بەهای 29ملیار و 546 ملیۆن دینار.
هەر لەو کۆنگرە ڕۆژنامەنووسیە، پارێزگاری دهۆک سوپاسی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی کرد کە داخوازیی و پێویستییەکانی خەڵکی دەڤەرەکەیان وەرگرت و ئێستا بە چەندین پرۆژە ئەو خواستانە لە سێکتەرە جیاوازەکان جێبەجێ دەکەن.