ئازێتا و ئاسۆ گۆرانییەکی دووقۆڵیی نوێیان بڵاو کردەوە

هەردوو هونەرمەندی گۆرانیبێژ، ئازێتا لوقمان و ئاسۆ لوقمان، نوێترین بەرهەمی خۆیان بە ناوی "دەڕژێ" بەشێوەی ڤیدیۆ کلیپ لەکەناڵی یوتیوب بڵاو کردەوە.

سێشممە، 10ـی ئەیلوولی 2024، هونەرمەندی گۆرانیبێژ ئاسۆ لوقمان، دەربارەی بەرهەمە نوێیەکەی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئەو بەرهەمە نوێیەم لەگەڵ ئازێتا کە دووقۆڵییە، لە تێکستی تارق خانەقینییە و ئامانج دارەوان ڤیدیۆ کلیپەکەی دەرهێناوە، بە بەشداری چەندان ئەکتەری کچ و کوڕ کە لەو ڤیدیۆ کلیپەدا بەشداریان کردووە.

ئەو هونەرمەندە گوتیشی: ئەو بەرهەمە نوێیەمان گۆرانییەکی شادییە، هیوادارین جۆش و خرۆشی بخەینە ناو دڵی هەوادارەکانمان، ئەمجارە جیاواز لە بەرهەمەکانی تر، بڕیارماندا گۆرانییەکی تەواو شاد تۆمار بکەین، هیوادارم بەدڵی هەموو لایەک بێت.

هەردوو هونەرمەندی گۆرانیبێژ ئازێتا لوقمان و ئاسۆ لوقمان، یەکێکن لەگۆرانیبێژە گەنجەکان و ماوەیەکە دەستییان بەگۆرانیگوتن کردووە و خاوەنی چەند بەرهەمێکن.