محه‌ممه‌د زه‌یدی: سیاسییه‌كانی عێراق كار و پیشه‌یان بووه‌ته‌ دزه‌پێكردنی تۆماری ده‌نگی له‌ دژی یه‌كتر

محه‌ممه‌د زه‌یدی، چالاكوانی مه‌ده‌نی
محه‌ممه‌د زه‌یدی، چالاكوانی مه‌ده‌نی

چالاكوانێكی مه‌ده‌نی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، گرووپه‌ چه‌كداره‌كان هاوكارن بۆ دزه‌پێكردنی تۆماری ده‌نگیی سیاسییه‌كان و بڵاوكردنه‌وه‌یان له‌ دژی یه‌كتر.

هه‌ینی، 13ـی ئه‌یلوولی 2024،   محه‌ممه‌د زه‌یدی، چالاكوانی مه‌ده‌نی تایبه‌ت به‌ كوردستان24 گوتی: لایه‌نه‌ سیاسییه‌ عێراق له‌ به‌غدا به‌ سه‌ختی شه‌ڕی یه‌كدی ده‌كه‌ن و په‌یج و ئه‌كاونتی وه‌همی له‌ دژی یه‌كتر به‌ كار ده‌هێنن و یه‌كدی پێ ناشرین ده‌كه‌ن.

محه‌ممه‌د زه‌یدی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئه‌و ململانێیه‌ سه‌خته‌ی له‌ ڕێگه‌ی سۆشیال مێدیاوه‌ هه‌یه‌، به‌ پله‌ یه‌ك له‌ به‌غدا زیاتره‌ و له‌ شوێنه‌كانی دیكه‌ به‌م شێوه‌یه‌ نییه‌.

ناوبراو باسی له‌وه‌ش كرد، كه‌سایه‌تییه‌ سیاسییه‌كان كار و پیشه‌یان بووه‌ته‌ دزه‌پێكردنی تۆماری ده‌نگی و له‌ دژی یه‌كدی به‌ كاری ده‌هێننه‌وه‌.

ئه‌و چالاكوانه‌ گوتیشی، هۆكاری ئه‌م ململانێیه‌ سه‌خته‌، لاوازی سیسته‌می حوكمڕانییه‌ له‌ عێراق و هه‌ژموونی هه‌ندێك گرووپی چه‌كداره‌.

21ـی ئابی 2024، نهێنییه‌كی مه‌ترسیدار له‌ ناو كۆشكی سه‌رۆكایه‌تیی حكوومه‌تى عێراق ئاشكرا بوو. به‌ گوێره‌ی به‌یاننامه‌یه‌كی نووسینگه‌ی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، دوای ئاشكرابوونی زانیاری له‌باره‌ی بوونی تۆڕێكی سیخوڕیكردن و دزه‌كردنی ناو په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌كانی به‌رپرسان و په‌رله‌مانتاران له‌ نووسینگه‌ی تایبه‌تی سه‌رۆكوه‌زیران، سوودانی فه‌رمانی له ‌كار دوورخستنه‌وه‌ی بۆ ئه‌و تۆڕه‌ ده‌ركرد‌، تا ئه‌و كاته‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ ته‌واو ده‌بێت، وه‌ك له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌، له‌ناو ئه‌و تۆڕه‌دا كه‌سانی پله‌ ئه‌فسه‌ریش هه‌ن.

به‌ گوێره‌ی به‌یاننامه‌ی نووسینگەی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، سوودانی به‌ڵێنی داوه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك له‌و كه‌سانه‌ خۆش نه‌بێت، كه‌ سه‌رپێچی یاسایان كردووه‌ و پاڵپشتی هه‌موو رێكاره‌ یاساییه‌كان له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌كات.

هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌ مسته‌فا سه‌نه‌د، په‌رله‌مانتاری عێراقی له‌ پۆستێكدا له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی فه‌یسبووك ورده‌كاری زیاتری ئاشكرا كرد‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا‌، دادگای لێكۆڵینه‌وه‌ی كه‌رخ كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ پرسه‌كانی تیرۆر، تۆڕێكی سیخوڕیكردنی نووسینگه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی له‌ كۆشكی حكوومه‌ت ده‌ستگیر كردووه‌، له‌ناویان كه‌سێكی نزیك له‌ سوودانی به‌ ناوی محه‌ممەد جوحی و ژماره‌یه‌ك ئه‌فسه‌ر و كارمه‌ندی دیكه‌ش هه‌ن.

سه‌نه‌د له‌ پۆسته‌كه‌یدا نووسیبووی، ئه‌و تۆڕه‌ ژماره‌یه‌كی كاری نابه‌جێی ئه‌نجام ده‌دا، له‌وانه‌ش: سیخوڕیكردن به‌سه‌ر مۆبایلی ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتار و سیاسه‌تمه‌داران، له‌ناویشیان ژماره‌ی مۆبایلی منیش هه‌بوو، هه‌روه‌ك ئه‌و تۆڕه‌ له‌ڕێگه‌ی هه‌واڵ و زانیاری ساخته‌وه‌ سیفه‌تی ساخته‌ی ده‌دایه‌ پاڵ سیاسه‌تمه‌داران و پیاوانی كار و خاوه‌ن كه‌ناڵه‌ میدیاییه‌كان.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا،‌ تۆڕه‌ ده‌ستگیركراوه‌کە‌ دانی به‌ تاوانه‌كه‌یدا ناوه‌ و گوته‌كانیان وه‌رگیراوه‌ و له‌ یه‌كێك له‌ گوته‌كانیاندا دانیان به‌وه‌دا ناوه‌، یه‌كێكیان له ‌ڕێگه‌ی ژماره‌ ته‌له‌فۆنێكه‌وه‌ خۆی وه‌ك سه‌عد به‌زاز، به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌ناڵی شه‌رقییه‌ نواندووه‌ و وێنه‌یه‌كی ساخته‌ی هه‌ریه‌ك له‌ مسته‌فا سه‌نه‌د، عوده‌ی عه‌واد، محه‌مه‌د نوری و هه‌یثه‌م زه‌هوانیی هاوپێچی هه‌واڵێكی ساخته‌ كردووه‌ و بۆ كه‌ناڵه‌كه‌ی ناردووه‌ و دواتر هه‌مان وێنه‌ی له ‌ڕێگه‌ی ژماره‌ تایبه‌ته‌كانیانه‌وه‌ بۆ سه‌رجه‌م په‌رله‌مانتاران ناردووه‌.

سه‌نه‌د هه‌روه‌ها سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ ڕاكێشابوو، فشاری زۆر بۆ ئازادكردنی ئه‌و تۆمه‌تبارانه‌ چڕكراونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام دادوه‌ری تایبه‌ت به‌و كه‌یسه‌ تا ئێستا ملكه‌چی ئه‌و فشارانه‌ نه‌بووه‌ و ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ش كه‌ له‌ كاره‌كانیاندا زیانمه‌ند بوونه‌، سكاڵاكانیان تۆماركردووه‌ و گوته‌كانیان په‌سه‌ند كراون.

چوارشەممە، 11ـی ئەیلوولی 2024، ده‌سته‌ی ده‌ستپاكیی فیدراڵی عێراق له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا، ئه‌و تۆماره‌ ده‌نگییانه‌ی كه‌ دراونه‌ته‌ پاڵ حه‌یده‌ر حه‌نوون، سه‌رۆكی ده‌سته‌كه‌، ڕه‌ت كرده‌وه‌ و به‌ ساخته‌ و دروستكراو له‌ قه‌ڵه‌می دا.

ده‌سته‌ی ده‌ستپاكیی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد‌، گه‌نده‌ڵكاران دوای ئه‌وه‌ی به‌دواداچوون بۆ كه‌یسه‌كانیان كرا بۆ ئه‌وه‌ی ڕووبه‌ڕووی دادگا بكرێنه‌وه‌ و سزا بدرێن، له‌ ڕێگه‌ی تۆماری ده‌نگیی ساخته‌وه‌ په‌نایان بردووه‌ته‌ به‌ر ناوزڕاندنی حه‌یده‌ر حه‌نوون و هاوكار و هاوپیشه‌كانی.

ده‌سته‌ی ده‌ستپاكیی عێراق هێمای بۆ ئه‌وه‌ كردبوو‌، بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و تۆماره‌ ده‌نگییه‌ ساختانه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ ڕێگه‌ له‌ سه‌رۆكی ده‌سته‌كه‌ بگرن له‌ ئه‌ركه‌ نیشتمانییه‌كه‌ی به‌رده‌وام بێت.

هاوكات ده‌سته‌ی ناوبراو باسی له‌وه‌ كردبوو، ئه‌وانه‌ی په‌نایان بۆ چه‌واشه‌كاری و ساخته‌كارییه‌كی له‌م شێوه‌یه‌ بردووه‌، ڕووبه‌ڕووی لێپرسیه‌وه‌ و سزا ده‌بنه‌وه‌.