سەرۆکی یەکێتی زانایان دەخوازێت یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام ببێتە هەوێنی بەهێزکردنی لێبووردەیی و پێکەوەژیان
سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ساڵانە لە هەولێر بە جوانترین شێوە پێشوازیی لە یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام محەمەد ( دروودی خوای لەسەر بێت) دەکرێتەوە و بەشکۆوە یادی ئەو ڕۆژە دەکرێتەوە.عەبدولڵا وەیسی گوتیشی: هیوادارم ئەو یادە ببێتە هەوێنی بەهێزتر بوونی پێکەوەژیان و ئاشتەوایی و لێبووردەیی.
یەکشەممە 15ـی ئەیلوولی 2024، دکتۆر عەبدوڵڵا وەیسی، سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلام لە میانی بەشدایی کردنی لە یادکردنەوەی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام محەمەد ( دروودی خوای لەسەر بێت) بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئەوەی ئەمڕۆ ئێمە بینیمان لە شاری هەولێر لە بەسەرکردنەوەی ژمارەیەک مزگەوت و تەکێ و خانەقاکان، لەگەڵ ئەو قەرەباڵغیەی لەنێو سەنتەری شاری هەولێر دروست بوو بە کۆبوونەوەی خەڵکێکی زۆر، بۆ دەربڕینی شادی و خۆشحاڵیی بوو بەبۆنەی یادی لەدایک بوونی فەخری کائینات محەمەد ( دروودی خوای لەسەر بێت) ، گوتی: هیوادارین ئەو یادە ببێتە هەوێنی پتەوتر کردنی گیانی برایەتی و تەبایی و پێکەوە ژیان، نەمانی کێشە و گرفت، ئاسوودەبوونمان بە پێغەمبەر خودا لە دواڕۆژدا، لە دونیاش پەیڕەوکردن لە ڕەفتار و کردارەکانی.
گوتیشی: میللەتانی دیکە لە دەورووبەر لاسایی میللەتی کورد دەکەنەوە بۆ ئەو یادکردنەوەیە کە لەسەردەمی سوڵتان موزەفەرەدین کەوکبریەوە بە ڕێز و شکۆوە دەکرێتەوە.