وەزیری کارەبا: پرۆژەی ئەزموونیی کارەبای 24 کاتژمێری لە تەواوی کوردستان جێبەجێ دەکرێت
وەزیری کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت: پڕۆژەی ئەزموونیی کارەبای 24 کاتژمێری لە هەلێر پێشوازیی لێکراوە، دەشڵێت: پرۆژەکە لە تەواوی کوردستان جێبەجێ دەکەن.
پێنجشەممە 19ـی ئەیلوولی 2024، کەمال محەمەد ساڵح وەزیری کارەبا ڕایگەیاند: پڕۆژەی ئەزموونی کارەبای 24 کاتژمێری لەو گەڕەکانەی هەولێر جێبەجێ کراوە، پێشوازی باشی لێکراوە.
کەمال محەمەد ساڵح وەزیری کارەبا سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی فراوانی لەبارەی چۆنیەتیی جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئەزموونی کارەبای 24 کاتژمێری کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە تیمی نووسینگەی سەرۆکی حکوومەت ئامادەی بوون، وردەکاریی قۆناغی جێبەجێکردنی پرۆژەکە خرایەڕوو، ئاماژە بەوە کرا هەنگاوی باش لەو گەڕەک و شوێنانەی هەولێر نراوە کە پرۆژەکەی تێدا جێبەجێ کراوە و لە لایەن دانیشتووانی ئەم گەڕەکانەوە پێشوازیی باشی لێکراوە، بەهۆی ئەو پرۆژەوە چەندین موەلیدە کوژاونەتەوە و بارزۆریی سەر کارەبا کەم بووەتەوە.
کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند: پرۆژەی ئەزموونیی کارەبای 24 کاتژمێری لە هەموو شار و ناوچەکانی هەرێم جێبەجێ دەکرێت، تیشک خراوەتە سەر ئەوەی ئێستا پرۆژەکە لە سەرەتادا بە شێوەی تێست لە چەند گەڕەکێکی هەولێر دەست بە جێبەجێکردنی کراوە.