لە سەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست بۆ یەکەمجار موبایل لە کوردستان بەرهەم دەهێنرێت

وێنەی ئەو موبایلەی لە هەرێمی کوردستان بەرهەم هێنراوە تایبەت بە کوردستان24
وێنەی ئەو موبایلەی لە هەرێمی کوردستان بەرهەم هێنراوە تایبەت بە کوردستان24

گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ یەکەمجار موبایلی زیرەک لە هەرێمی کوردستان، بەرهەم دەهێنرێت بە سیستەمی ئەندرۆید و هاوشێوەی موبایلە زیرەکەکانی دیکەیە.

ئەمڕۆ هەینی 19ـی ئەیلوولی 2024، بەرگەشت ئاکرەیی، گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بۆ یەکەمجارە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هەرێمی کوردستان، موبایلێکی زیرەک بەرهەم بهێنرێت، بەناوی "ئینفنێکس" موبایلێکی زیرەکە.

ئەو گوتەبێژە دەڵێت: هەموو ئەوانەی کار لەو موبایلە دەکەن لە هەولێر، خەڵکی هەرێمی کوردستانن، تەنها چەند کەسێکیان نەبێت خەڵکی چینن کە سەرپەرشتی لایەنە تەکنەلۆژیاییەکە دەکەن، بەگشتیی کاری لەسەر کراوە بۆ ئەوەی بتوانن مانگانە 30 هەزار موبایل لەوجۆرە بەرهەم بهێنن.

دەشڵێت: لە ئێستەدا سمارت 8 بەرهەم دەهێنرێت، بڕیاریشە لە مانگی داهاتوو سمارت 9 بەرهەم بهێنن، کە یەکێکە لەو بەرهەمە ناوازەی وڵاتی چین کە بە هاوبەشی لەگەڵ وەبەرهێنەرەکانی کوردستان دەیکەن.

ئەوەشی خستە ڕوو، لە هەرێمی کوردستان ئێستە ئەو بەرهەمە بەردەستە و لەبازاڕەکانی کوردستان هەیە، هەروەها بەرهەمەکە هەناردەی سووریا، ئورد، جەزائیر، لوبنان و چەند ولاتێکی عەرەبی دەکرێت.

لە ڕووی نرخی ئەو موبایلە، گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان گوتی: تایبەتمەندی جۆری موبایلەکە نرخەکە دیاری دەکات سیستەمی ئەندرۆیدە و هاوشێوەی موبایلە زیرەکەکانی دیکەیە لە ڕووی تایبەتمەندییەوە، لەبەر ئەوەی لەهەرێمی کوردستان دروست دەکرێت و بەرهەمی کاری ناوخۆیە بۆیە لە ڕووی نرخەوەش هەندێک هەرزان و گونجاوە بۆ هەرکەسێک کە ئارەزووی بکات بیکڕێت.

بەرگەشت ئاکرەیی ڕاشیگەیاند، وەکو قۆناغی یەکەم نزیکەی 300 کەس کار لە کارگەیەکی بچووکدا دەکەن، بە دروستکردن و تەواوکردنی کارگەی دیاری کراو، زیاتر لە هەزار کەس کاری تێدا دەکات.

ئاماژەی بەوەش دا، ئەو کەسانەشی کاری تێیدا دەکەن نزیکەی لە 100 کەس 97 کەسی کوردن و خاوەن بڕوانامەی پەیمانگا و زانکۆن لە بەشی "ئای تی" و ڕاهێنراون، لە لایەن چینییەکانەوە ڕاهێنانیان پێکراوە.