ئیسرائیل باشووری بەیرووتی بۆردومان کرد
K24 – هەولێر:
سوپای ئیسرائیل باشووی بەیرووتی بۆردومان کرد و لە ئەنجامی بۆردومانەکەشدا 5 کەس کوژران.
هەینی 20ـی ئەیلوولی 2024 مێدیاکانی ئیسرائیل بڵاویان کردەوە، سوپای ئیسرائیل باشووری بەیرووتی بۆردومان کرد.
لەلایەکی دیکەوە ئاژانسی هەواڵی لوبنان بڵاوی کردەوە، مووشەکێک لەلایەن فڕۆکەیەکی ئیسرائیلییەوە ئاراستەی چەند باڵەخانەیەکی ناوچەی قائیمی باشووری بەیرووت کراوە، هەروەها ئەو ناوچەیەی کە کراوەتە ئامانج، شوێنێکی جەنجاڵ بووە و باڵەخانەی نیشتەجێبوون و دوکانی زۆری لێیە.
هەروەها بەرگریی شارستانی لوبنان ئاشکرای کرد، بەهۆی هێرشەکە دوو باڵەخانە ڕووخاون، وەزارەتی تەندروستیی وڵاتەکەش دەڵێت: لە ئاکامی هێرشەکەدا 17 کەس بریندار بوون.
لە بەرانبەردا ماڵپەڕی واڵای ئیسرائیل پشتڕاستی کردەوە، کە خەمڵاندنە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هێرشەکەی ئیسرائیل لە کاتی کۆبوونەوەی سەرکردەکانی حزبوڵڵا ئەنجام دراوە و 5 کەسیش کورژاون، کە یەکێکیان سەرکردەیەکی دیاری حزبەکەیە.
ئەو سەرکردەیەی کە کوژراوە ناوی ئیبراهیم عەقیلە ناسراوە بە تەحسین، سەرۆکی بەشی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی حزبوڵڵا بووە، جگە لەوەی ئەندامی ئەنجوومەنی جیهادییە، کە باڵاترین دەزگەی سەربازییە لە حزبوڵڵا
ئەمەریکا پێشتر عەقیلی بەوە تۆمەتبار کردبوو کە بەشداری لە بۆردومانکردنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەیروت لە ساڵی 1983دا کردووە و پاداشتی بڕی 7 ملیۆن دۆلاری پێشکەش کردبوو بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەری.
بالفيديو: غارة اسرائيلية تستهدف #الضاحية_الجنوبية في بيروت حسب المعلومات الاولية قرب مجمع القائم pic.twitter.com/4RwSo2MY8F
— Hussein Fakih (@hussenfakih) September 20, 2024