نێچیرڤان بارزانی: حكوومه‌ت له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه‌ خزمه‌تگوزاری گشتی بداتە كەرتی تایبەت

"دەمانەوێت دەرفەتی زیاتر بۆ كەرتی تایبەت برەخسێنین"

K24 - ھەولێر

لە میانی بەشداریكردنی لە كۆنفرانسی رۆڵی كەرتی تایبەت لە پەرەپێدانی ئابووری ھەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند: "حكوومه‌ت له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه‌ خزمه‌تگوزاری گشتی هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو بداته‌ كه‌رتی تایبه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌لی كاری زیاتر بڕه‌خسێنێت و له‌م قۆناغه‌دا هاوكاری حكوومه‌ت ده‌بێت له‌ بره‌ودان به‌ كه‌رته‌ جۆراوجۆره‌كان".

سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان گوتی: "كەرتی تایبەت رۆڵی گرنگی ھەیە و سیاسەتی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان پشتیوانیكردنە لە كەرتی تایبەت".

لە بەشێكی دیكەی وتارەكەیدا نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند: "سەرەڕای بوونی قەیرانی دارایی لە ھەرێمی كوردستان كەرتی تایبەت نەیھێشت جوڵەی بازرگانی بوەستێ، رۆڵی كەرتی تایبەت لە قەیرانەكان دەردەكەوێت، كەرتی تایبەت 669 پڕۆژەی لە ھەرێمی كوردستان ئەنجامداوە".

سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان راشیگەیاند: "سه‌ردانی شاندی هه‌رێم بۆ به‌غدا به‌ سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆك بارزانی ئومێد و ده‌رگای چاره‌سه‌ری بۆ كێشه‌كان كردووه‌ته‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌رركردنی كێشه‌كانی به‌ مه‌به‌ستی گه‌یشتن به‌ ئه‌نجامێكی باش و پێویسته‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان بزانن ده‌بێت به‌ گفتوگۆ بگه‌ینه‌ چاره‌سه‌رێك تا له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موو خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان و عێراقدا بێت".

بە سپۆنسەری كوردستان24 ئەمڕۆ بەبەشداری شارەزایان و پسۆڕانی ئابووری ئەمرۆ سێییەمین كۆنفرانسی ژورەکانی بازرگانی هەرێمی كوردستان لەسەر ڕۆڵی کەرتی تایبەت لە بەرەوپێشبردنی ئابوری هەرێمی کوردستان لە هەولێر بەرێوەدەچێت، یەکێک لە تەوەرەکانی كۆنفرانسەکە بەشداریکردنی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەتە لە رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان.