دارا خەیات: لەم كۆنفرانسە خاڵە بەھێز و لاوازەكانی ئابووری دەست نیشان دەكەین

بەسپۆنسەری كوردستان24 كۆنفرانسی رۆڵی كەرتی تایبەت لە پەرەپێدانی ئابووری بەڕێوە دەچێت

K24 - ھەولێر

لە وتارێكیدا كە بە بەبۆنەی دەستپێكردنی كۆنفرانسی رۆڵی كەرتی تایبەت لە پەرەپێدانی ئابووری ھەرێمی كوردستان دارا جەلیل خەیات سەرۆكی یەكێتی ژوورەكانی بارزگانی و پیشەسازی كوردستان رایگەیاند: "مەبەست لە سازدانی ئەو كۆنفرانسە دەست نیشانكردنی خاڵە بەھێز و لاوازەكان ئابووری و چۆنیەتی بەرەوپێشەوەبردنی كەرتی تایبەتە لە ھەرێمی كوردستان.

دارا خەیات گوتیشی: "ھیوادارم لە كۆتایی كۆنفرانسەكەدا دەرئەنجام و راسپاردەی بە سوودمان ھەبێت و بتوانین ئابووری وڵاتەكەمان بە باشترین شێوە پێش بخەین".

ئەوەشی خستەڕوو: "بابەتەكانی ئەم كۆنفرانسە بریتین لە ھابەشكاری كەرتی تایبەت و گشتی بۆ پەرەپێدانی ئابووری، ئیدارەدانی قەیرانی ئابووری، ژینگەی كارو وەبەرھێنان لە كوردستان، فێركردن و راھێنانی پیشەیی بۆ پەرەپێدانی كەرتی تایبەت، دوای نەوت پەرپێدانی جێگرەوە، پەرەپێدانی كەرتی تایبەت لە خوێندن لە خوێندنی باڵا".

ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: "گەشەكردن و پێشكەوتنی ئابووری كارێكی دوو لایەنەیە لە نێوان حكوومەت و كەرتی تایبەت".

سەرۆكی یەكێتی ژوورەكانی بارزگانی و پیشەسازی كوردستان باسی لەوەشكرد، بۆ بوژانەوە و پەرەپێدانی ئابووری پێویستە گرنگی زیاتر بە كەرتەكانی كشتوكاڵ و گەشتوگوزار و پیشەسازی بدرێت.

بە سپۆنسەری كوردستان24 ئەمڕۆ بەبەشداری شارەزایان و پسۆڕانی ئابووری ئەمرۆ سێییەمین كۆنفرانسی ژورەکانی بازرگانی هەرێمی كوردستان لەسەر ڕۆڵی کەرتی تایبەت لە بەرەوپێشبردنی ئابوری هەرێمی کوردستان لە هەولێر بەرێوەدەچێت، یەکێک لە تەوەرەکانی كۆنفرانسەکە بەشداریکردنی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەتە لە رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان.