ئه‌مه‌ریكا: توركیا و عێراق گه‌یشتوونه‌ته‌ رێككه‌وتن

بۆ به‌شداریكردنی سوپای توركیا له‌ ئۆپه‌راسیۆنی مووسڵ

K24 - هه‌ولێر:

وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریكا ئاشكرایكرد، بۆ به‌شداریكردنی سوپای توركیا له‌ ئۆپه‌راسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی مووسڵ، توركیا و عێراق به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌تایی گه‌یشتوونه‌ته‌ رێككه‌وتن.

ئاشتۆن كارته‌ر، وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند، ئه‌نقه‌ره‌ و به‌غدا، به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌تایی گه‌یشتوونه‌ته‌ رێككه‌وتن و ته‌نها ورده‌كارییه‌كانی به‌شداریكردنه‌كه‌ ماوه‌ له‌سه‌ری رێكبكه‌ون.

كارته‌ر راشیگه‌یاند، ئه‌وان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان توركیا رۆڵی له‌ شه‌ڕی دژی داعش هه‌بێت له‌ هه‌ریه‌ك له‌ وڵاتانی سووریا و عێراق، كه‌ راوسێی توركیان.

چه‌ند رۆژێك به‌ر له‌ ئێستا، به‌رپرسانی ئه‌نقه‌ره‌ و به‌غدا، له‌ رێگه‌ی راگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌، لێدوانی توندیان دژ به‌ یه‌ك ده‌دا، سه‌باره‌ت به‌ به‌شداریكردنی ئه‌و هێزه‌ی سوپای توركیا، كه‌ ئێستا به‌ دووری 20 كیلۆمه‌تر، له‌ باكووری شاری مووسڵ جێگیركراوه‌.