کۆڕبەندی بەرلین بۆ سیاسەتی دەرەوە دەستیپێکرد
K24 - بەرلین
کۆڕبەندی بەرلینی سیاسەتی دەرەوەی ساڵی 2016، ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە بەرپرسانی باڵای حكوومی ئەوروپا و پسپۆرانی جیھانی دەستیپێكرد.
لە كۆڕبەندەكەدا وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا فرانک ڤاڵتەر شتاینمایر، وتاری کردنەوەی کۆڕبەند خوێندەوەو گفتوگۆی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئیتالیا پاولۆ جێنتیلۆنی، سەبارەت بە دیدگای سیاسەتی دەرەوەی ئەڵمانیا و ئەوروپا كرد.
ھەروەھا وەزیری دارایی ئەڵمانیاش ۆڵفگان شاوبل، لە کۆڕبەندەکەدا وتەیەک سەبارەت بە ئەوروپا لە چواڕیاندا پێشکەشدەکات و نوێنەری رێکخراوی (کۆربەر) بۆ یەکەمین جار لە کۆربەندەکە، ئەنجامی رووماڵێکی دامەزراوەی TNS پێشکەشدەکات، لەسەر ھەڵوێستی ئەڵمانیا بۆ ئەوروپا.
لە کۆربەندەکەدا باس لە داھاتووی ئاراستەی سیاسەتیی دەرەوەی ئەڵمانیا و ئەوروپا دەکرێت، ئایا دەرفەت ھەیە بۆ نزیکبوونەوەی روسیا و یەکێتی ئەوروپا؟ چۆن دەتوانرێت کێشەو ناکۆکییەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست چارەسەربکرێت؟ ڕۆڵی وڵاتە ئاسیاییەکان چییە لە گرفتە سیاسی و ئاسایشییەکانی جیھاندا؟ سیاسەتی دەرەوە چاوەڕوانی چی لە بەڕێوەبەرایەتی (حکومەتی) نوێی ئەمریکا دەکات؟.
لە کۆڕبەندی بەرلینی سیاسەتی دەرەوە، زیاتر لە 200 سیاسەتمەداری پلە بڵند و بەرپرسە باڵاکانی حکومی و پسپۆران و رۆژنامەنووسان بەیەکەوە بەشدار دەبن و زیاتر لە نیوەی بەشداربووەکان لە وڵاتانی ئەوروپا و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا و ئەمریکاوە ھاتوون.