سلێمانی... ژماره‌یه‌ك له سه‌رپه‌رشتیارانی خۆپیشاندانه‌كانی مامۆستایان ده‌ستگیركران
K24 – سلێمانی:
چه‌ند مامۆستایه‌كی ناڕازی كه سه‌رپه‌رشتی خۆپیشاندانه‌كانی مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانیان ده‌كرد له شاری سلێمانی ده‌ستگیركران.
ئه‌مڕۆ له لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كانی شاری سلێمانییه‌وه ژماره‌یه‌ك له سه‌په‌رشتیارانی گردبوونه‌وه و خۆپیشاندانه‌كانی شاری سلێمانی ده‌ستگیركراون و به‌شێك له‌و ئامێر و كه‌لوپه‌لانه‌ی وه‌ك بڵنگۆ و ئامێره ده‌نگییه‌كان كه له خۆپیشاندانه‌كاندا به‌كاریانهێناوه ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیراوه.
ئه‌م هه‌ڵمه‌ته له كاتێكدایه وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی هه‌رێمی كوردستان بڕیاریدا پرۆسه‌ی خوێندن له پارێزگای سلێمانی به فه‌رمی ده‌ست پێبكاته‌وه و ده‌رگای قوتابخانه و پۆله‌كانی خوێندن به رووی قوتابیاندا بكرێنه‌وه،چونكه ئه‌گه‌ر بایكۆت به‌رده‌وامی هه‌بێت ئه‌وا ساڵێكی خوێندنی قوتابیانی ئه‌و ناوچانه ده‌فه‌وتێت و پرۆسه‌ی خوێندنی ئه‌مساڵ له‌و ناوچانه ئه‌ژمار ناكرێت.
له به‌رامبه‌ردا ده‌سته‌ی مامۆستایانی ناڕازی رایانگه‌یاندووه" پێگیری به‌و بڕیاره‌ی حكومه‌ته‌وه ناكه‌ن چونكه هیچ یه‌ك له داواكارییه‌كانیان جێبه‌جێ نه‌كراوه و ئه‌وان سوورن له سه‌ر هه‌ڵوێسته‌كانیان كه به‌رده‌وامیدانه به بایكۆت.
كاروان ره‌حمان په‌یامنێری كوردستان24 له سلێمانی رایگه‌یاند" ئه‌مڕۆ پێش ئه‌وه‌ی گردبوونه‌وه و خۆپیشاندانی مامۆستایان ده‌ستپێبكاته‌وه،له لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كانه‌وه چه‌ند مامۆستایه‌ك ده‌ستگیركران كه سه‌رپه‌رشتی گربوونه‌وه و خۆپیشاندانه‌كانیان ده‌كرد.
عادل حه‌سه‌ن یه‌كێك له سه‌رپه‌رشتیارانی ده‌سته‌ی مامۆستایانی ناڕازی به كوردستان24 راگه‌یاندووه" ئه‌وان به‌و كارانه ساردنابنه‌وه و ده‌ستبه‌رداری خۆپیشاندان و داواكارییه‌كانیان نابن.
هه‌روه‌ها یه‌كێك له مامۆستایانی سلێمانی به په‌یامنێری كوردستان24 راگه‌یاند" ئه‌و مووچه‌یه‌ی ئێستا وه‌ریده‌گرین به‌شی ژیان و گوزه‌رانی خێزانه‌كانمان ناكات،چونكه حكومه‌ت 55% مووچه‌كه‌می به ناوی پاشه‌كه‌وت بڕیووه و ته‌نها بڕی 400 هه‌زار دینار وه‌رده‌گرم و ئه‌و 100 هه‌زار و 150 هه‌زار دیناره ژیانی ئێمه‌ی پێ چاك نابێت.
ئێستا له شه‌قامی سالم و نزیك په‌روه‌رده‌ی رۆژئاوا مامۆستایان ده‌ستیان به گردبوونه‌وه كردووه و هێزێكی زۆری ده‌زگا ئه‌منییه‌كانییش له ناوچه‌كه‌دا بڵاوبوونه‌ته‌وه.