ئه‌مريكا: به‌رپرسيارێتيه‌كى ئه‌خلاقيمان به‌رامبه‌ر به‌ كورد هه‌يه‌

مه‌سروور بارزانى: له‌ گفتوگۆداين له‌گه‌ڵ به‌غدا بۆ دياريكردنى ئاينده‌ى په‌يوه‌ندييه‌كانمان له‌گه‌ڵ عێراق.
kurdistan24.net

K24 – واشنتن:

سەرۆکی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆنگرێسی ئەمریکی رایدەگەیەنێت ئەمریکا سوپاسگوزاری کورد و پێشمەرگەیە لە شەڕی دژی بە داعش و ئەندامێکی کۆنگرێسی ئەمریکاش دەڵێ لەرابردوودا ئەمریکا، کوردی پشتگوێخستووە، بەڵام جارێکی دیکە ئەو کارە ناکات و گوتیشی ئەمریکا بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی هەیە پشتگریی کورد بکات.

لەچەند رۆژی رابردوودا، شاندی باڵای هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشى هەرێمی کوردستان زنجیرەیەک کۆبوونەوەیان لەگەڵ ژمارەیەک کۆنگرێسمانی ئەمریکی لە واشنتن ئەنجامدا و مژاری سەرەکی کۆبوونەوەکان بەردەوامیی هاوکارییەکانی ئەمریکایە بۆ هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە.

لە درێژەی ئەو کۆبوونەوانەدا، شاندی باڵای هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئێد رۆیس سەرۆکی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆنگرێسی ئەمریکا کۆبۆوە و شەڕی موسڵ و ئایندە پەیوەندییەکانی ئەمریکا و کوردستان تاوتوێکران.

ئێد رۆیس کە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ کورد هەیە، لەکۆبوونەوەکەدا ستایشی هێزی پێشمەرگەی کرد و گوتیشی بەدرێژایی مێژوو ،کورد قوربانیداوە دەشزانین کە کورد چەندین جار چەوسێنراونەتەوە. لەبەرامبەردا، مەسرور بارزانی لەبارەی شەڕی داعشەوە رایگەیاند کورد لەشکستپێهێنانی داعش زۆر نزیکبۆتەوە و سەبارەت بەداهاتووی پەیوەندییەکانی کوردستان و بەغداشەوە، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند کە دەستیان بە گفتوگۆکردن لەگەڵ بەغدا کردووە بەمەبەستی دیارییکردنی ئایندەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.

پاشان شاندەکەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لیژنەی هەواڵگری  کۆنگرێس بە سەرۆکایەتیی دێڤن نونەس کۆبوونەوەو لەکۆبوونەوەکەدا ، باس لە پەیوەندییەکانی ئەمریکا و کوردستان کرا لەدوای شەری داعش و مەسرور بارزانی لەو کۆبوونەوەیەدا رایگەیاند هەرکاتێک شەڕی داعش کۆتایی هات، شەڕی هەواڵگری داعش دەستپێدەکات، بۆیە زۆر گرنگە ئەمریکا درێژە بە هاوکارییە سەربازییەکانی بۆپێشمەرگە بدات.

 

پاشان شاندەکە لەگەڵ سیناتۆر دایان فاینستین، جێگری سەرۆکی کۆمیتەی هەواڵگریی لەئەنجوومەنی سێناتی ئەمریکا کۆبۆوە و لەو کۆبوونەوەیەدا، ئەو سیناتۆرە رایگەیاند کە لەرابردوودا واشنتن پشتی لە کورد کردووە، بەڵام ئەو دڵنیایە ئەو کارە رووناداتەوە و ئەمریکاش بەرپرسیارێتی ئەخلاقی هەیە بۆ هاوکاریکردنی کورد.

لەلایەکی دیکەوە ، شاندی هه‌رێمى کوردستان لەگەڵ ئەندامی کۆنگرێس کەی گرانگەر کۆبووەنەوەو لە کۆبوونەوەکەدا خاتوو گرانگەر ستایشی کوردی کرد و گوتی ئیمە لەمێژە دۆستی کوردین . هەروەها شاندەکە ، لەگەڵ ئادەم کینسینگەری ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا کۆبۆوە و ئەو کۆنگرێسمانە گوتی بەناوی گەلی ئەمریکاوە ستایشی ئەو قوربانیدانەی کورد دەکەین لەشەڕی دژ بە داعش.

شاندی باڵای هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی و بە ئەندامێتی فواد حوسێن سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و بەیان سامی عەبدولرەحمان نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتن ماوەی هەفتەیەکە بەردەوامن لە دیتن و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمریکا بەمەبەستی سوپاسکردنی ئیدارەی ئێستا و تێگەیشتن لە سیاسەت و هەڵوێستی ئیدارەی نوێی کۆشکی سپی بەرامبەر بە چارەنووسی کورد لە ناوچەکە.