ھاووڵاتیەكی كورد لە زیندانی داعش ئازاد دەبێت

چیرۆكی زیندانی داعش بۆ كوردستان24 دەگێڕێتەوە
kurdistan24.net

K24 – رەققە

ھاووڵاتیەكی كورد دوای سێ مانگ لە زیندانی ئازاد دەبێت و دەگەڕێتەوە، ئەو ھاووڵاتیە چیرۆكی دەستگیركردن و ئازادكردنی بۆ كوردستان24 دەگێڕێتەوە و باس لەوە دەكات كە بەوە تۆمەتباریان كردووە كە زانیاری بە ھێزە كوردییەكان بدات.

ئەیھەم ھاووڵاتیەكی كوردی دانیشتووی رۆژئاوای كوردستانە، سێ مانگ لەمەوبەر دەیەوێت سەردانی ماڵی باوكی بكات لە باكووری كوردستان، بەڵام لەسەر سنوورەكان لەلایەن چەكدارانی داعش دەستگیردەكرێت و تۆمەتی سیخوڕیكردنی دەدرێتەپاڵ.

ئەیھەم چیرۆكی خۆیی بۆ كوردستان24 دەگەڕێتەوە و دەڵێ: "ئەوكاتەی چەكدارانی داعش دەستگیریان كردم گواستماینەوە دەزگای ئەمنی خۆیان، پێیان گوتم تۆ سیخوری پەكەكەی، ھەرچەند فشاریان خستمەسەر، بەڵام بەرگریم لەخۆم كرد، چونكە تۆمەتەكەیان راست نەبوو من سیخوریم نەكردووە".

ئەو باس لە ئازار و ئەشكەنجەدانی زیندانی داعش دەكات كە بە شێوەیەكی نامرۆڤانە ھاووڵاتیان لە زیندانەكان ئەشكەنجە دەدەن و سەدان كورد لە زیندانەكانی داعش ھەن و گەلێك كوردی ئێزیدیش لەناو گیراوەكاندا ھەن.