حكومه‌تی هه‌رێم هه‌ڵوێستی خۆی به‌رامبه‌ر بودجه‌ی 2017 عێراق ئاشكرا ده‌كات
K24 – هه‌ولێر
سه‌فین دزه‌یی گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند ئه‌وه‌ی لە بودجه‌ی 2017 عێراق بۆ هه‌رێمی كوردستان دیاری كراوه، كه‌متره له‌وه‌ی كه حكومه‌تی هه‌رێم بۆ خۆی نه‌وته‌كه‌ی بفرۆشێت.
دزه‌یی له په‌راوێزی كۆنفرانسی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی رایگه‌یاند به‌غدا سه‌ركه‌وتوو بوو له دابه‌شكردنی فراكسیۆنه كوردییه‌كان و نیگه‌رانی حكومه‌تی هه‌رێمیشی پیشاندا و گوتی پێشتر له روونكردنه‌وه‌یه‌كدا هه‌ڵوێستی خۆمان ده‌ربڕیوه و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له كۆبوونه‌وه‌ی داهاتوودا بڕیاری كۆتایی ده‌دات.
هه‌ر له‌مباره‌وه گوتی هیچ گره‌نتییه‌ك نییه ئه‌گه‌ر ته‌واوی نه‌وتی هه‌رێم راده‌ستی به‌غدا بكه‌ین، حكومه‌تی فیدراڵ پابه‌ند بێت، بۆ ئه‌وه‌ش ئاماژه به ساڵانی رابردوو كرد.
په‌رله‌مانی عێراق ئێواره‌ی رۆژی چوارشه‌ممه پرۆژه یاسای بودجه په‌سند كرد كه له به‌رامبه‌ر هه‌نارده كردنی رۆژانه 300 هه‌زار به‌رمیلی نه‌وتی كه‌ركوك و 250 هه‌زاری هه‌رێمی كوردستان و راده‌ستكردنی به كۆمپانیای سۆمۆ، به‌غدا 17% به‌شه بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان ره‌وانه ده‌كات، به مه‌رجێك پێدانی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و توڕی كۆمه‌ڵایه‌تی له ئه‌وله‌وییه‌تدا بێت.
بۆ شایسته داراییه‌كانی پێشمه‌رگه‌ش ئاماژه به‌وه كراوه له چوارچێوه‌ی به‌شی هێزی وشكایی سوپای عیراق دابین ده‌كرێت و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ئاماژه به هه‌ماهه‌نگی نێوان فه‌رمانده‌یی هێزه چه‌كداره‌كانی عێراق و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه ده‌كات.
سه‌فین دزه‌یی ئاماژه به‌وه‌ش دا به‌غدا هیچ كاتێك راوێژ به حكومه‌تی هه‌رێم نه‌كردووه بۆ په‌سندكردنی ئه‌و یاسایانه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان به هه‌رێمی كوردستانه‌وه هه‌یه. ته‌نانه‌ت ئه‌و كاتانه‌ی كه په‌یوه‌ندییه‌كانمان ئاسایی بوون. ئێستاش هه‌ر به‌م شێوه‌یه له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان مامه‌ڵه ده‌كات.
پیش ئه‌وه‌ی پرۆژه یاسای بودجه‌ی عێراق په‌سند بكرێت و له قوناغی تاوتوێكردندا بوو، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له روونكردنه‌وه‌یه‌كدا رایگه‌یاند ئه‌وه پیڵانێكى سیاسیى مه‌ترسیداره دژی هه‌رێمى كوردستان و ره‌خنه‌شی له‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی كورد گرت ده‌نگیان به یاساكه ده‌ده‌ن.
حكومه‌تی هه‌رێم پێشی وایه ئه‌گه‌ر بۆ خۆی نه‌وته‌كه‌ی بفرۆشێت، داهاته‌كانی زیاتره له‌و بڕه پاره‌یه‌ی له به‌رامبه‌ر راده‌ستكردنی نه‌وتی هه‌رێم و كه‌ركوك له لایه‌ن به‌غداوه ده‌ستی ده‌كه‌وێت.
داهاتی عێراق بۆ ساڵی 2017 به زیاتر له 79 تریلیۆن دینار خه‌مڵێندراوه كه رۆژانه 3.75 ملیۆن به‌رمیلی نه‌وت به نرخی 42 دۆلار بۆ هه‌ر به‌رمیلێك هه‌نارده ده‌كات و زیاتر له 20 تریلیۆن دیناریش كورتهێنانی هه‌یه.