قۆناغی دووه‌می ئۆپه‌راسیۆنی گرتنه‌وه‌ی ره‌ققه ده‌ستپێده‌كات
K24 – هه‌ولێر
هێزه‌كانی سوریای دیموكرات رایگه‌یاند به‌م زووانه قوناغی دووه‌می ئۆپه‌راسیۆنی "توڕه‌یی فورات" بۆ كۆنترۆڵكردنی شاری ره‌ققه‌ی پایته‌ختی دیفاكتۆی داعش ده‌ستپێده‌كات.
فه‌رمانده‌كانی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا رایانگه‌یاند قوناغی دووه‌می ئۆپه‌راسیۆنی كۆنترۆڵكردنی ره‌ققه له‌ماوه‌ی چه‌ند رۆژی داهاتوو ده‌ستپێده‌كات و ته‌واوی هێزه‌كانی سوریا به‌شدار ده‌بن و به پشتگیری هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی به‌ڕێوه ده‌چێت.
بڕیاریشیان داوه ئه‌و ناوچانه‌ی رزگار ده‌كرێن، باره‌گاكانی هێزه‌كانی سوریا دیموكرات تێیاندا بكرێنه‌وه.
كۆبوونه‌وه‌ی فه‌رمانده‌كانی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات بۆ ماوه‌ی هه‌شت كاتژمێر له شاری حه‌سه‌كه به‌ڕیوه‌چوو و نوێنه‌رانی هه‌ر یه‌ك له هێزه‌كانی یه‌په‌گه، یه‌په‌ژه، هێزه‌كانی سه‌ندادید، ئه‌نجومه‌نه سه‌ربازییه‌كانی منبج، باب، دێره‌زور، جه‌رابلوس، سریانی، كۆمه‌ڵه‌ی ئه‌وله‌وییه‌ت جزیره و جه‌یش سواری ره‌ققه به‌شدار ببوون.
هێزه‌كانی سوریای دیموكرات رۆژی شه‌شی تشرینی دووه‌می 2016 ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنی "توڕه‌یی فورات" بۆ كۆنترۆڵكردنی شاری ره‌ققه راگه‌یاند كه رۆژی پێشتر ده‌ستیان پێكردبوو.
له لایه‌كی تره‌وه گوته‌بێژی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ شه‌ڕی دژی داعش جه‌نه‌راڵ جۆن دۆریان رایگه‌یاند هێرشه هه‌واییه‌كانیان بۆ یارمه‌تیدانی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات له ره‌ققه زیاتر بووه و 300 هێرشی هه‌وایی له مانگی رابردوو ئه‌نجامدراوه و 700 كیلۆمه‌تری دووجا له داعش رزگار كراوه.
هه‌روه‌ها باس له راهێنان و په‌یوه‌ست بوونی هه‌زاران چه‌كداری دیكه به هێزه‌كانی سوریای دیموكرات كرد بۆ به‌شداریكردنی له شه‌ڕی گرتنه‌وه‌ی ره‌ققه، له‌وانه په‌یوه‌ست بوونی زیاتر له 1000 شه‌ڕڤان له ژن و پیاو كه هه‌موویان عه‌ره‌بن و راهێنان به زیاتر له 1500 كه‌سی دیكه كراوه بۆ به‌شداریكردنیان له ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی ره‌ققه، هیواشی خواست ئه‌و ئیداره‌ی له منبج پێكهاتووه، له شاری ره‌ققه‌ش دروست بكرێت، پاش ئه‌وه‌ی كه رزگار ده‌كرێت.